شوبات 22, 2023 17:28 Asia/Tehran
  • ئەمیر عەبدوڵڵاهیان:ئێران ئامادەی بە ئەنجام گەیاندنی دانوستانە ئەتۆمییەکانە

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی:کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازیی لە دانوستان لە لە ئاراستەی دیپلۆماسی دەکات و ئامادەی بە ئەنجام گەیاندنی دانوستاکانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی باش و بەهێز و پاوەجێ.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا،«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان»، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش دا لەگەڵ «فۆئاد حسێن» وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا ڕایگەیاند: لای کەس شاراوە نییە کە حکومەتی عێراق لە ئاراستەی وتووێژی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ بایکۆتی ستەمکارانەی سەر ئێران و دانوستانەکانی ڤیەنناو بە ئەنجام گەیاندنی دانوستانی ئەتۆمی ھەنگاوی باش و بنیاتنەری ھەڵگرتووە.

«ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وتیشی: ئێران ئامادەیە لەسەر بنەمای دانوستانەکانی پێشترو بە ڕەچاوکرانی هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاراستەی کۆبەندیی دانوستانەکانی ڤیەننا ھەنگاو ھەڵگرێت، ھەڵبەت دیارە وتەو پەیامی دژبەیەکیشی لە لایەن ئەمریکییەکانەوە پێ دەگات و لە گۆڕەپانی میدیاییش دا، ھێندێک لە کاربەدەستانی ئەمریکی قسەی یەکنەگری زۆر دەکەن.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە ئێران هەرگیز هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و بۆمبای ناڤۆکیی نەداوەو فەتوای ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لەم بارەیەوە ھەموو شتێکی یەکلا کردووەتەوە، هیوای دەربڕی: «ڕافائیل گرۆسی» بەڕێوەبەری گشتییی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لە گەشتەکەی ڕۆژانی داهاتووی بۆ تاران بە ڕوانگەیەکی تەکنیکی و دوور لە وروژاندنی سیاسی لەگەڵ ئێران ڕێک بکەوێت.

سەرۆکی دەزگای سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا،وتی: ئێران پشتیوانی لە حکومەت و گەلی عێراق دەکات بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی پەرلەمانی ئەم وڵاتە سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی بیانی لە عێراق.

سەبارەت بە هاوکارییە ئابووری، بازرگانی و گەشتیارییەکانی تاران و بەغداش، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: لەمەڕهاوکاریی ترانزێت و زیارەت و گەشتوگوزاری نێوان هەردوو وڵات، تەواوکردنی ھێڵی ئاسنی نێوان بەسرە-شەلامچە و کرماشان-خوسرەوی-مەنزەریە-بەغدا لە کارنامەی جددی هەردوولادایە.

شەوی سێشەممە لە سەر چوارشەممە «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی بانگهێشتی فەرمیی «فۆئاد حسێن» وەزیری دەرەوەی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە بەغدا.

سەرپەیڤ