ئادار 23, 2023 20:14 Asia/Tehran
  •  پێشوازیی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس سەبارەت بە ئەنجامی وتووێژی نێوان ئێران و عەرەبستان پێشوازیی کرد.

ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس، لە کۆبوونەوەی قۆناغمەندی خۆیدا، لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەسەر درێژەدان بە هەنگاوی هاوبەشی وڵاتانی ئەندامی ئەم ئەنجومەنە و چارەسەرکردنی ناکۆکی لەگەڵ ئێران بە شێوەی ئاشتیانە کردەوە.

لە میانەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان لە پەکین، ھەردووک وڵاتەکە ڕۆژی هەینی ١٠ی مارس ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دوای ٧ ساڵ.

بەگوێرەی ڕێککەوتنی هەردوو وڵات، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عەرەبستان وێڕای دیدار لەگەڵ یەکتر ئەوپەڕی ھەتا دوو مانگ ، زەمینەی گۆڕینەوەی باڵوێزەکانیان و کردنەوەی باڵوێززخانە لە وڵاتانی یەکترو  هەروەها مەرجەکانی دیکە بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان خۆش دەکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، «ناسر کەنعانی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پێشوازیی لە پشتیوانیی وەزیرانی دەرەوەی ئەنجومەنی هاوکاری لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و عەرەبستان کرد و هیواداریی دەربڕی کە ڕێککەوتنەکە ڕۆڵێکی کاریگەر لە زیادکردنی سەقامگیری و ئاشتی و گەشەپێدانی ناوچەیی بگێڕێت.

«کەنعانی» ھەروەھا ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی سەبارەت بە یەمەن و پەیوەندییەکەی بە ناوی ئێرانەوە ڕەتکردەوە و جەختی لە سەر پێویستیی ڕاستبینی و پێشخستنی ڕێگاچارەی سیاسی بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی درێژخایەنی یەمەن کردەوە.

سەرپەیڤ