نیسان 07, 2023 12:47 Asia/Tehran
  • ڕەئیسی: پشتیوانیکردن لە مافەکانی گەلی فەلەستین، نەگۆڕە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتی؛ پشتیوانیکردن لە مافەکانی گەلی فەلەستین و بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنی بنەمایەکی نەگۆڕە لە پێکهێنانی ئومەتی ئیسلامی و یەکگرتوویی جیهانی ئیسلام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژی و تاوانەکانی ڕژیمی زایۆنی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمارەتی، «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ «جۆکۆ ویدۆدۆ» سەرۆک کۆماری ئەندۆنێزیا، بارودۆخی ئێستای فەلەستینی ڕوون کردەوە و وەک دڵی زیندووی جیهانی ئیسلامی ناوی برد، خوازیاری بەرپاکرانی کۆبوونەوەی بەپەلەی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی و بڕیاردانی هاوبەش بۆ بەرگری لەنەتەوەی ستەملێکراوی فەلەستین و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی بوو.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕایگەیاند: جیهانی ئیسلام وەک بلۆکێکی کاریگەر لە هاوکێشە جیهانییەکاندا پێویستی بە لێکنزیکبوونەوەی زیاترەو بەو پێیەش پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی.

ڕەئیسی بە ئاماژەدان بە پەیوەندییە دیپلۆماسییە ٧٠ ساڵەکەی تاران و جاکارتا، جەختی لە بەهێزکرانی هاوکارییە ئابوورییەکان و پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات کردەوە و هیوای خواست کە لە ساڵی نوێدا هاوکارییەکانی ئێران و ئەندۆنێزیا بازدانێکی بەرچاو بە خۆیەوە ببینێت، بە ئاراستەی خۆشگوزەرانی و بەرژەوەندییەکانی ھەردووک نەتەوەکە.

«جۆکۆ ویدۆدۆ» سەرۆک کۆماری ئەندۆنێزیاش هەروەها پیرۆزبایی دەستپێکی ساڵی نوێی کۆچی و دەستپێکی مانگی ڕەمەزانی لە گەلی ئێران کرد و جەختی لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات لە پێناو لێکنزیککردنەوەی ھەردووک نەتەوەکەو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کرد.

سەرۆک کۆماری ئەندۆنێزیاش پێشوازیی لە پێشنیاری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی بەپەلەی ڕێکخراوەی هاوکاری ئیسلامیی کردو هیوای خواست کە بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە بنەمایەک بۆ پتەوکردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی.

سەرپەیڤ