نیسان 29, 2023 16:48 Asia/Tehran
  • ڕەئیسی: ئیرادەی دەسەڵاتدارانی ئێران و عێراق پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیانە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتی : ئیرادەی دەسەڵاتدارانی ئێران و عێراق پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی شەممە، پاش وتووێژی تایبەتی لەگەڵ «عەبدولەتیف ڕەشید» سەرۆک کۆماری عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و فەرهەنگیی نێوان ئێران و عێراق ھەتا ئێستا پەیوەندیی باش دامەزراوە، وتیشی: پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا لە دەرەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی دیکەیە و پەیوەندییەکی ستراتیژییە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی  وتیشی: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە بواری ژێرخانی، ئاوو کارەبا، پرسی گاز و وزەدا بەردەوامەو بە کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی ئێستا، بۆی ھەیە ئاڵووێرەکانی نێوان دوو وڵات بۆ زیاتر لە ١٠ ملیار ھەڵکشێت.

ڕەئیسی بە ئاماژەدان بە واژۆکرانی لێکگەییننامەی ئەمنیی ئێران و عێراق کە ساڵی ڕابردوو ئەنجامی گرت، ئاسایشی عێراق بۆ ئێرانی بە گرنگ زانی و وتی: لێکگەییننامەیەکی ئەمنی لە نێوان هەردووک وڵات واژۆ کراوە کە یارمەتیی ئاسایشی ناوچەکە دەدات و بچوکترین نائەمنی لە عێراقدا نائەمنی لە ئێران دێتە ئەژمارو ئاسایشی عێراق بۆ ئێران گرنگە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی هەروەها لەبارەی بوونی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەش دا وتی: بوونی سوپای ئەمریکا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی هیوای ئەوەشی خواست کە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ تاران خاڵی وەرچەرخان بێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات.

سەرۆک کۆماری عێراقیش ھەر لەو پرێس کۆنفرانسەدا بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە وڵاتەکەی دێرووک و جوگرافیاو ھۆزگەلێکی ھاوبەشی لەگەڵ ئێراندا ھەیە، وتیشی: پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهێز و نەگۆڕە.

«عەبدولەتیف ڕەشید» بە ستایش کردنی بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ سەردانەکەی تارانی، وتیشی: ئامانج لەم سەفەرە جەختکردنەوە لە فراوانکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان دوو وڵاتی دۆست و دراوسێی، ئێران و عێراقە.

«عەبدولەتیف ڕەشید» سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر بانگهێشتی فەرمیی «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بەسەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی ئێرانی کرد.

سەرپەیڤ