May 29, 2023 19:42 Asia/Tehran
  • ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ئێران و عوممان بە قازانجی ھەردووک وڵاتە

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، لە دیداری لەگەڵ سوڵتانی عومان، فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عوممانی بە قازانجی هەردوو وڵات زانی.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، ئەمڕۆ لە دیدار لەگەڵ سوڵتانی عومان «هەیسەم بن تاریق ئالی سەعید» و شاندەکەی یاوەری، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عومانی بە درێژخایەن و خاوەنی ڕەگ و ڕیشەی قووڵ و باش زانی و وتی: فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو بوارەکاندا لە بەرژەوەندیی هەردوولایە.

بەڕێزی بە ئاماژەدان بە دانوستانەکانی نێوان لایەنە ئێرانی و عومانییەکان وتیشی: گرنگ ئەوەیە کە ئەم دانوستانانە بە شێوەیەکی جددی بەدواداچوونیان بۆ بکرێت تا دەگەنە ئەنجامێکی دیاری و لە کۆتاییدا پەیوەندییەکان فراوانتر بکرێن.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی هەروەها باسی لە مەترسیی بوونی ڕژێمی زایۆنی لە ناوچەکە کرد و وتیشی: سیاسەتی ڕژێمی زایۆنی و لایەنگرانی بریتییە لە دروستکردنی ناتەبایی و نەبوونی ئاشتی لە ناوچەکەدا، بۆیە هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەبێ سەرنجی ئەم بابەتە بدەن.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئاماژەی بەوەش دا کە گرنگە هاوکارییەکانی نێوان عومان و ئێران زیاد بکرێت چونکە هەردووک وڵاتەکە لە ئاوەڕێی ھەرە گرنگی گەرووی هورمزدا هاوبەشن.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بە ئاماژەدان بە لێدوانی سوڵتانی عومان سەبارەت بە خواستی میسر بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش جەختی لەوە کردەوە کە: ئێمە پێشوازی لەم هەڵوێستە دەکەین و لەم پێوەندییەدا هیچ کێشەیەکمان نییە.

بەڕێزی لە کۆتایی دا هیوای دەربڕی کە بە فراوانبوونی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتەکان، ئومەتی ئیسلامی شکۆمەندیی خۆی بەدەست بهێنێتەوە و تواناو مسۆگەراتی وڵاتانی ئیسلامی لە بەرژەوەندیی هەموو گەلان و وڵاتان و دەوڵەتە ئیسلامییەکان بەکار بھێندرێت.

لەم دیدارەدا کە «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماریش ئامادەی بوو، سوڵتانی عوممان بە دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لە دیداری لەگەڵ ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەک سیاسەتی عوممان ناساندو وتیشی: لە دانوستانەکانی تاران، سەبارەت بە بواری جۆربەجۆری هاوکاری ، گفتوگۆ کراو بیروڕا گۆڕدرایەوەو هیوادارین بە بەردەوام کرانی ئەو گفتوگۆیانە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر پەرە بستێنێ و دەرەنجامە کردارییەکانی بۆ هەردوو ک لا ھەست پێکراو بێت.

سەرپەیڤ