حوزه‌یران 20, 2023 14:30 Asia/Tehran
  • باڵوێزی ئێران لە عەرەبستان: ناوچەی کەنداوی فارس پێویستی بە وتووێژێکی نوێ هەیە

باڵوێزی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عەرەبستان بە ئاماژەدان بە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز، ھاتنە ئارای وتووێژێکی نوێی لە چوارچێوەی هاوکاری و ئاسایشی پشتبەستوو بە گەشەی بۆ ناوچەی کەنداوی فارس بە پێویست زانی.

دوای دوو ساڵ دانوستان و وتووێژ بە میوانداریی عێراق و عوممان، لە 10ی مارسی 2023 و دوای چەند ڕۆژێک لە دیدار و وتووێژی نێوان بەرپرسانی دامودەزگاکانی ئاسایشی نەتەوەیی دوو وڵات لە پەکین، ئێران و عەرەبستان ڕێککەوتن لەسەر دەرکردنی بەیاننامەیەک بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان.

هەر لەو پێوەندییەش دا، ڕۆژی ١٧ی ژوئەن، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لە یەکەم گەشتی دوای ئاسایی بوونەوەی پێوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی تارانی کرد.

«عەلیرەزا عینایتی» باڵوێزی نوێی ئێران لە عەرەبستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنیی "CGTN" هەوڵەکانی چینی بۆ ئاسانکاری لە ئاراستەی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیاز بەرز نرخاندو وتیشی: ھەلی کارکردنی وڵاتانی ناوچەکە بەیەکەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنەو فرەلایەنە دەڕەخسێت.

عینایەتی وتیشی: لە بەیاننامەی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عەرەبستان بە شێوەیەکی هەمەلایەنە ئاماژە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات کراوە، باڵوێزی ئێران لە عەرەبستان ڕوونشیی کردەوە کە پلان بۆ کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان وەزیرەکان و پێکهێنانی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان تاران و ڕیاز لە پێوەندی لەگەڵ پەیوەندییە بازرگانییەکان داڕێژراوەو ئەم بەیاننامە هاوبەشە چرای چالاکیی کەرتە تایبەتەکانی ئەو دوو وڵاتەش ھەڵدەکات.

سەرپەیڤ