سەرۆک کۆماری ئێران: ڕەوشی ئێستای فەلەستین بۆ هەموو خەڵک و موسڵمانان دڵتەزێنە
ئایەتووڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەیسی سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی پێنجشەممە بە مەبەستی دیدار لەگەڵ خەڵکی سنە گەیشتە مەیدانی ئازادیی ئەم شارە و لە لایەن خەڵکی ئەم شارەوە پێشوازییەکی گەرم و گوڕی لێکرا.
سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە نێو ئاپۆڕەی خەڵکی پارێزگای کوردستاندا وتی: ئەمڕۆ ڕەوشێک دەبینین کە بۆ ئێوە و هەموو موسڵمانان و هەموو خەڵکی جیهان دڵتەزێنە، ئەو ڕەوشەی دوژمنان دایانسەپاندووە بە سەر خەڵکی غەززەدا، ئەو خەڵکەی وا دەیانهەوێ بەرگری لە ماڵ و زێد و نیشتمانی خۆیان بکەن و لەو پێناوەشدا ڕێگای خۆڕاگری و بەرخۆدانیان هەڵبژاردووە.
سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژە بەوەی کە ئەمڕۆ هەموو جیهان بۆی دەرکەوتووە کە ئەمریکاییەکان هۆکاری ئەو جەنایەتەن کە لە فەلەستین ڕوو دەدات، مافی مرۆڤەکان بنپێ دەکەن و بانگەشەکەرانی مافی مرۆڤ خۆیان بنپێکەرانی مافی مرۆڤن، وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرەکەتی خوێنی شەهیدان و ڕێنیوینییەکانی ئیمامی ئۆمەت و ڕێبەری لێهاتووی شۆڕشی ئیسلامی، ساڵانێکی زۆرە هاوار دەکات کە ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی، مافی مرۆڤەکان بنپێ دەکات و جیهان ئێستا ئیتر بەرحەق بوونی کۆماری ئیسلامی بۆ دەرکەوتووە.
ئایەتووڵڵا ڕەیسی وتیشی: خەڵکی وشیار و خاوەن بەسیرەتی کوردستان، پێشمەرگەی کوردی موسڵمان و ژنان و پیاوانی شۆڕشگێڕی ئەم مەڵبەندە تا بووە بەرامبەر بە درووشمی هیچ و پووچ و جیاییخوازان و دوژمنانی نزام ڕاوەستاون و ڕادەوەستن. ئایەتووڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەیسی لە درێژەی سەفەرەکەیدا سەردانی مزگەوتی جامیعەی سنەی کرد و چاوی بە زانایان و مامۆستایانی ئایینی کوردستان کەوت و لەو دیدارەدا وتی: دوژمن هەوڵی دا بە داخستنی هەموو ڕێگاکان، ئێمە لە بواری ئابوورییەوە بخاتە تەنگانەوە، بەڵام ئەمڕۆ ڕەوشی بەرهەم هێنانمان بە لەونێکە کە ئاستی هەناردەمان بۆ دەرەوە بەرزترە لە ئاستی هاوردەمان. ڕەیسی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: بەو هەموو لەمپەرەی دوژمنان لە گۆڕەپانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووری دەینێنەوە، دیسانیش هەر خەڵک پێبەندن بە نزام و شۆڕش و ئەوەش بەرپرسیارەتی دەخاتە ئەستۆمان. ناوبراو ڕاشیگەیاند: خەڵک بەرەنگاری ئەو هەموو ئاڵۆزی و فیتنەیەی کە ساڵی رابردوو نرایەوە، بوونەوە و دوژمنیان هیوابڕاو کرد.
سەرۆک کۆمار لە دەسپێکی سەفەریدا بۆ پارێزگای کوردستان لە ڕێ و ڕەسمی کەوتنەگەڕی ئاسنەڕێی سنە - هەمەدان بەشداری کرد و ئەم هێڵی ئاسنەڕێیە بە شێوەی فەرمی بە دەستی ئایەتووڵڵا ڕەیسی کاری خۆی دەست پێ کرد. بە کەوتنەگەڕی ئاسنەڕیی هەمەدان - سنە بە بەشداریی سەرۆک کۆمار، پارێزگای کوردستانیش وەکوو بیست وچوارەمین پارێزگای ئێران پەیوەست بوو بە سیستەمی ئاسنەڕێی وڵاتەوە.