کانونی یه‌که‌م 07, 2023 17:00 Asia/Tehran

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە دەربڕینی داخ و مەخابن بەرامبەر بە ژمارێک بڕگەی بەیاننامەی کۆتایی چل و چوارەمین کۆبوونەوەی سەرانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداوی فارس لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ئەو بڕگانەی بە قبووڵنەکراو و بێ بایەخ زانی.

ناسر کەنعانی بە جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و یاسامەندی کۆماری ئیسلامی، سێ دوورگەی ئێرانیی بوومووسا، تونبی گەورە و تونبی بچووکی بە بەشێکی دانەبڕاو و ئەبەدی لە خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران هێنایە ئەژمار و وتی: هەر ئیدیعایەک سەبارەت بەم دوورگانە خۆوەردانە لە مافی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێران  و ئیدانەی دەکەین. ناوبراو هەروەها توانا مووشەکییەکانی ئێرانی لە چوارچێوی دۆکتۆرینی سەربازیی شەفاف لەسەر بنەمای توانای پێشپێگرانە و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیدا زانی.

کەنعانی بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی ئاسایش بەدیهێنەرانەی ئێران لە شەڕی ڕاستینەی دژ بە تیرۆر و هەروەها پتەوکردن و چەسپاندنی ئاسایشی دەریایی، وتیشی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە پێبەند بووە بە یاسا و ڕێساکان و بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی لە چوارچێوی ماف و ئەرکەکانیدا ودرێژەیش دەدات بە هاوکاریی بنیاتنەری خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە چوارچێوی ڕێککەوتننامەی تۆکمەی سیستەمی چاودێری و کۆنترۆڵدا. شایانی باسە سەرانی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداوی فارس لە کۆتایی چل و چوارەمین کۆبوونەوەیان لە دۆحەی قەتەر بانگەشەگەلێکی بێ بنەمایان دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە دۆسیەی کێڵگەی گازی ئارەش، پرسی ئاشتیانەی ئەتۆمی، هێزی بەرگری و توانای پێشپێگرانەی ئێران و دوورگە سیانە ئێرانییەکان دووپات کردەوە.

سەرپەیڤ