کانونی یه‌که‌م 13, 2023 15:00 Asia/Tehran

یەکەم کۆبوونەوەی دادگەی لێکدانەوەی تاوانەکانی ١٠٤ ئەندامی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق ناسراو بە مونافقین و هەروەها ماک و شوناسی ئەم ڕێکخراوەیە وەکوو کەسایەتییەکی مافەوانی ئەمڕۆ سێشەممە بە شێوەی کراوە و ئاشکرا بەڕێوەچوو.

ئەم دادگەیە بە لەبەرچاو گرتنی یاسا و ڕێساکانی پەیڕەوی ناوخۆی دادگە و پاش ئامادەکرانی سزاخواست و لێکدرانەوەی، بە پشت بەستن بە یاسای پەیڕەوی ناوخۆی دادگە و یاسای سزای ئیسلامی بەڕێوەچوو.

دادگە پاش پێناسە کردنی پێنج پارێزەری دەسنیشانکراو لە لایەن دادگەوە ، وشداری دا بە پارێزەرانی ئەم تۆمەتبارانە کە هەر کێشە و گرفت، یان ناڕەزامەندییەکی خۆیان تا دە ڕۆژ پاش ڕاگەیەندرانی بڕیاری دادوەر، ئاراستەی دادگە بکەن. سەرۆکی دادگەی لقی یازدەی کەتنی پارێزگای تاران سەبارەت بە وردییاتی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی گرووپی مونافقین ناسراو بە موجاهدینی خەلق وتی کە ئیمێل نێردراوە بە ناونیشانی فەرمیی ئەم تۆمەتبارانە بۆ ئەوەی بەرگرییەکانیان بنێرن و پارێزەریان دەسنیشان بکەن.

گرووپی تیرۆریستیی مونافقین لە جۆزەردانی ١٣٦٠ـەوە و پاش وەلانرانی "بەنی سەدر" لە پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران، بە شێوەی فەرمی چالاکیی چەکدارانە و تیرۆری بۆ بەرەنگاربوونەوەی شۆڕشی گەلی ئێران هەڵبژاردبوو لە ماوەی ئەم ساڵانەدا جەنایەتێکی زۆری دژ بە خەڵکی ئێران ئەنجام داوە و لە راستیدا ئەم گرووپە زیاتر لە حەڤدە هەزار شاروومەندی مەدەنی ئێرانی کوشتووە.

لە کارنامەی ئەم گرووپە تیرۆریستییەدا لیستێکی دوور و درێژ لە تیرۆری کەسایەتییە سیاسییەکان تا کەسایەتیی زانستی و ئایینی ئێران دەبیندرێ؛ تیرۆری حەفتا و دوو کەسایەتیی سیاسیی ئێران بە تەقاندنەوەی نووسینگەی حیزبی جمهوری ئیسلامی، تیرۆری ناکامی مەقامی مەزنی ڕێبەری، تیرۆری شەهیدان ڕەجایی و باهونەر، تیرۆری ئایەتووڵڵا دەستغەیب، ئایەتووڵڵا قودوسی و ئایەتووڵڵا مەدەنی ، تیرۆری سەیاد شیرازی و تیرۆری زانستوەرانی ئەتۆمیی لە کردەوە تیرۆریستییەکانی دیکەی ئەم گرووپە دێتە ئەژمار. 

سەرپەیڤ