شوبات 26, 2024 13:30 Asia/Tehran

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پەلاماری بەربڵاوی شەوی رابردووی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر خاکی یەمەنی بە تووندی ئیدانە کرد و وتیشی: ئەم چەشنە پەلامارە سەرەرۆیانە، بەدەر لە چوارچێوی یاسا و ڕێسا ناسراوە نێودەوڵەتییەکان و بنپێکردنی مافی سەروەری و سیادە و یەکپارچەیی خاکی یەمەنە.

ناسر کەنعانی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە وتی: ئەمریکا و ئینگلیز دیسان ئەوەیان سەلماند کە پشتیوانی قایم و بتەوی جەنایەتی جەنگی و ژینۆسایدی رژیمی زایۆنی لە کەرتی غەززە و لێواری ڕۆژاوان و بەڵێنمەندییان بەرامبەر بە ئاسایش و بەرژەوەندیی نایاسایی ڕژێمی داگیرکەر و جەنایەتکاری زایۆنی بە بانتر دەزانن لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و بۆ دابین کردنی ئاسایشی ئەم ڕژێمە هەموو یاسا و ڕێسا ئەخلاقی و ئینسانییەکان و هەموو داب و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان و جارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بنپێ دەکەن. 

کەنعانی لە درێژەدا پێی داگرت: ئەمریکاو ئینگلیز بەم چەشنە پەلامارانە لەدووی تەشەنەپێدانی کێشەو  قەیران لە ناوچەکە، پەرەپێدانی بازنەی شەڕ و ناپاوەجێی، بەلاڕێدابردنی بیر و ڕای گشتی لە جەنایەتی جەنگیی ڕژێمی زایۆنی و  دانی دەرفەتی زیاتر بەم ڕژێمەن بۆ درێژە پێدرانی جەنایەتە جەنگییەکانی ئەم ڕژێمەی تۆمەتبار بە ژینۆساید، و بێگومان ئەم چەشنە پەلاماری سەربازییە سەرەڕۆیانە و دەسدرێژکارانە، نائەمنی و ناپاوەجێی لە ناوچەکە نەبێ، دەسکەوتی دیکەی بۆ ئەم وڵاتانەی دەسدرێژکار نابێ. 

بە پێی ڕاپۆرتی ژێدەرە هەواڵییەکان، هاوپەیمانیی ئەمریکا بە هاوڕێیەتی هێزی ئینگلیز ١٨ ئامانجی لە خاکی یەمەن بۆردومان کردووە. 

سەرپەیڤ