باقری: ئەمریکا خۆی لەمپەری سەرەکیی بەردەم چارەسەرکرانی کێشەکانە
بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کرد کە ستراتژیی ئەمریکا چ لە دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێراندا و چ لە پرسی فەلەستین و لەشکرکێشی زایۆنییەکان بۆ سەر غەززە نیشانی دا کە ئەوان نەک هەر ناتوانن بەشێک بن لە ڕێگاچارە، بەڵکو خۆیان لەمپەر و بەربەستی سەرەکین.
عەلی باقری بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە بانگەشەکانی ئەمریکا کە گوایە تاکلایەنەخوازیی دەتوانێت ئاشتی و ئاسایش ببەخشێ بە جیهان، شکستی هێناوە و وتی: ستراتژییەکانی ئەمریکا هەم لە دانوستانە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ ئێران و هەم لە مەسەلەی فەلەستین و لەشکرکێشی زایۆنییەکان بۆ سەر غەززە نیشانی دا ئەوان نەک هەر ناتوانن بەشێک بن لە ڕێگاچارە، بەڵکو خۆیان بەربەستی سەرەکین، ناوبراو وتیشی: بەداخەوە لە دۆخی ئێستای ناوچەکەدا، جەنایەت و ژینۆسایدی زایۆنییەکان هەر بەردەوامە و هەندێ جار ئەم جەنایەتانە لە ئاستێکی تووندتر و بەربڵاوتریش ئەنجام دەبن.
باقری پێیداگرت: بابەتی دیکە باسی ئەو مەترسییانەیە کە زایۆنییە دەستدرێژکار و داگیرکەرەکان دەیخەنە سەر لوبنان، بۆیە بارودۆخی ناوچەکە دۆخێکی زۆر هەستیارە، لەم قۆناغەدا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی مەسەلەی فەلەستین و هەروەها مەسەلەی مەترسییەکانی سەر لوبنان ئەرێنی بوو، بەتایبەت بە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران وڵاتێکە کە دەورێکی جددی و بەرچاو دەگێڕێ لە ئاستی ناوچەکە و ڕووداوە سەرەکییەکانی، بۆیە بەشداری کردن لەم کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گەلێک پێویست بوو.