تشرینی یه‌که‌م 24, 2024 10:36 Asia/Tehran

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە پەیوەست بوو بە تاقمی ئابوورییە تازە پێگەییشتووەکانی ناسراو بە «بریکس»ەوەو «مەسعود پزشکیان» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ قوڵ کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەندامانی دیکەی بریکس سەردانی ڕووسیای کردووە.

کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی «بریکس» لە ڕۆژی سێشەممەوە واتە ٢٢ی ئۆکتۆبەر لە شاری کازانی ڕووسیا دەستی پێکراوەو ھەتا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ ئەم مانگەش بەردەوام دەبێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵی ٢٠٢٤ەوە پەیوەست بووە بە تاقمی ئابوورییە تازەپێگەییشتووەکانەوە کە بە بریکس ناسراوە.

بریکس لە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن بەرازیل، چین، هیندستان و ڕووسیاوە دامەزرا. (لەسەدا ٣٤)ی  خاک و (لەسەدا ٤٥و لەدەدا دوو)ی گۆی زەوی و هەروەها لەسەدا ٣٦ پۆیینت ٧ی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی جیهان، ئەندامی تاقمی بریکس پێکی دێنن ، هەربۆیە، توانای پێویستی بۆ شوێن دانان لەسەر پەیوەندییە دارایی و بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان ھەیە.

مەسعوود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئەمڕۆ چوارشەممە، پێش کۆبوونەوەی لوتکەی بریکس لەگەڵ بەرپرسانی بەشێک لە وڵاتانی بەشداری دانیشتنەکەی بریکس کۆبووەوە.

پزشکیان ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە بەشی یەکەمی گەشتەکەیدا بۆ ڕووسیا چاوی بە «نارێندرا مودی» سەرۆکوەزیرانی هیندستان کەوت و ڕایگەیاند: ئەندامەتیی ئێران و هیندستان لە بریکس دەرفەتێکی باشە بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی نێوان هەردووک وڵات بە ئاراستەی دابین کردنی بەرژەوەندیی ھاوبەش.لەم ڕووەوە هیوادارین ھەر لەم ئاراستەیەش دا ڕەوتی ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتننامەکانی نێوان ھەردووک لا خێراتر بێت، بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی بەندەری چابەهار خێراتر بێتەوە.

لەم دیدارەدا «نارێندرا مودی» سەرۆکوەزیرانی هیندستانیش، بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردووک وڵاتی لەسەر بنەمای پەیوەندییە درێژخایەنەکانی دوو شارستانییەتی گەورە کە لە ڕووی کەلتووریشەوە خاڵی هاوبەشیان زۆرە، بە پتەو زانی و وتیشی: لە ڕوانگەی هیندستانەوە گەشەپێدانی بەندەری چابەهار گەورەترین کۆڵەکەی ھاوکاریمان دەبێ و ئێمە وای بۆ دەچین کە کە پەرەپێدانی ئەم بەندەرە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردووک وڵات وهەروەها پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هیندستان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.

«سەیید عەباس عەراقچی» وەزیری دەرەوەی ئێران کە لە ماوەی حەوتەکانی ڕابردوودا سەردانی ١١ وڵاتی داگری هەموو دراوسێکانی ئێران لە کەنداوی فارس، بە میسریشەوە کرد و چاوی بە کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتانە کەوت و دانوستانی لەگەڵ کردن، سەبارەت بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری ئێران لە دانیشتنەکەی بریکس دا وتی : ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی بریکسە کە ئێمە وەک ئەندامێکی فەرمی لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵات بەشداریی تێدا دەکەین.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: بریکس وردە وردە دەبێتە جەمسەرێکی نوێی جیهانی، کۆمەڵێک لە وڵاتان بۆ دژایەتیکردنی ئەو ڕێکمەندییەی ڕۆژئاوا کە بەسەر جیهاندا سەپێندراوە، کۆبوونەتەوە. عەراقچی وتیشی: وڵاتانی ئەندامی بریکس خەریکی پەرەپێدان و ڕێکخستنی میکانیزم و ھێندێک شێوازن بۆ ئەوەی جیهان لە پاوانی ڕۆژئاوا دەرباز کەن. وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە: ئەم میکانیزمانە لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و داراییدایە. لە بواری ئابووریدا، بریکس «بانکی نوێی گەشەپێدان»ی دامەزراندووە.

«کازم جەلالی» باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕووسیاش، دوێنێ جەختی لەوە کردەوە کە جیهان گۆڕانێکی جددی بەسەردا هاتووە. تاقمی بریکس ڕێڕەوی دواتری  مێژوو دیاری دەکات.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر پزیشکیان لە وتارەکەی ئەمڕۆی لە کۆبوونەوەی بریکس دا وتی: ئێران بە ھەبوونی جێ و شوێنێکی ستراتیژی، بوارخۆشکەری چەندین ڕێڕەوی گواستنەوەی نێودەوڵەتی بووە، لەوانە ڕێڕەوەکانی باکوور بۆ باشوور و ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا بووەو ئێستاش دەتوانین بە پەرەپێدانی هاوکاریی بنیاتنەر، تۆڕێکی نوێی پەیوەندیی ترانزێت بۆ گواستنەوەی وزە یان کاڵاو شت و مەکی بازرگانی لە چوارچێوەی بریکسدا دروست بکەین.

سەرۆک کۆماری ئێران نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە دانیشتنی سەرەکیی سەرکردەکانی بریکس لە کازانی ڕووسیا، وێڕای شی کردنەوەی بارستاییەکانی بریکس و کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هاوکاری و ئاراستەکردنی پێنج پێشنیاری گرنگ بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەکانی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە، وتیشی: پێ و شوێن گرتنی بەرنامە ھەمەجۆرەکانی نێو تاقمەکە بە بێ ھەبوونی سکرتاریەتێکی بچوک و چالاک زەحمەتە و ھەر بۆیە پێشنیار دەکەم کە لێکدانەوەی چۆنیەتیی پێکهێنانی ئەم سکرتاریەتە بخرێتە بەرنامەی کاری وەزارەتەکانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام.

ئینجا «ڤلادیمێر پوتین» سەرۆکی ڕووسیاش ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی بریکسدا وتی: بریکس بەرپرسیارە لە حاند بەشی سەرەکیی کۆمەڵگەی جیهانی و وەھا سیاسەتێکیش لە جیهانی ئەمڕۆدا پێویستە.

شانزەهەمین لوتکەی وڵاتانی ئەندامی بریکس لەوان بەرازیل، ڕووسیا، هیندستان، چین، ئەفریقیای باشووری، ئێران، میسر، ئیمارات و ئەسیۆپیا ڕۆژی چوارشەممە لە کازانی ڕووسیا دەستی پێ کرا. «دانیشتنەکەی بریکس ٢٠٢٤» یەکەم دانیشتنێکە کە لە کاتی پەرسەندنی بریکسەوە بەڕێوە دەچێت.

هاوپەیمانیی بریکس کە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی ڕێکمەندیی نوێی جیهانیی جێی سەرنجی ڕۆژئاوایە، سەرەتا وڵاتانی بەرازیل، ڕووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقیای باشووریی لەخۆگرتبوو، بەڵام لە ئێستا بە خێرایی خەریکە فراوانتر دەبێت.

سەرپەیڤ