فەرماندەرانی ئەرتەش و سپا: توانای بەرگریی ئێران لە مەیداندا بۆ دوژمن سەلمێندراوە
فەرماندەرانی گشتیی ئەرتەش و سپا لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بۆ تاووتوێی دوادۆخی مەیدانەکانی شەڕ، جەختیان کرد لەسەر یەکڕیزیی هێزە چەکدارەکان و پیشاندانی راستییە سەربازییەکانی ئێران لە مەیداندا.
سەرلەشکر ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، وەحدەت و یەکڕیزیی نیشتمانی بە گرینگترین دەسکەوتی شەڕی ئەم دواییەو هەڕەشەو گوڕەشەی دوژمن زانی و وتی: لە بەشی سەربازیش یەکریزیی کەم وێنەی هێزە چەکدارەکان و هێزی پۆلیس و هاوکاریی ئیتلاعاتی و ئۆپەراسیۆنی، لە هۆکارە گرینگەکانی سەرکەوتن بووە. فەرماندەی گشتیی سپا وێڕای سوپاس و پێزانین لە کردەوەی ئەرتەش لە شەڕەکانی ئەم دواییەدا وتی: ورەی جەنگاوەری و نیشتمانپەروەریی فەرماندەران و هێزەکانی ئەرتەش و دەسپێشخەریی ئۆپەراسیۆنیی و پراکتیکی ئەوان، چەندین لاپەڕەی درەوشاوەی لە قوربانیدان و فیداکاریی و بەرخۆدان لە مێژووی ئێراندا تۆمار کردووە. سەرلەشکر وەحیدی هەروەها وتی: ئەمریکییەکان لەگەڵ بەربەستی پتەوی ئیمان و ئازایەتیی ئێرانییەکاندا بەرەوڕوو بوون بۆیە دەستەوەسانی و داماویی لە رەفتار و بڕیارەکانی کۆشکی سپیدا بەرچاو دەکەوێ. وتیشی؛ توانای سەربازیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەر لە بۆچوون و لێکدانەوەی دوژمنەو خەمڵاندن و لێکدانەوەی هەڵەی ئەوان سەبارەت بە توانای ئەرتەشی ئێران لە مەیداندا ئاشکرا بووە. وەحیدی جەختی کرد: راستییە سەربازییەکانی ئێران لە مەیدان، پەردەیان لەسەر لادەدرێ و سوپای زایۆنیستی بێ پاڵپشتیی ئەمریکا، لەکاتێکی زۆر کەمدا هەڵدەوەشێ و هەرەس دێنێ. لەو کۆبوونەوەدا، ئەمیری سەرلەشکر ئەمیر حاتەمی فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش سپای پاسدارانی بە یەکێ لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی هێزی نەتەوەیی، ئاسایش و پێش پێ گرتنی وڵات لە زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو زانی و وتی: ئەو هێزە هەروا لەهێڵی پێشەوەی بەرەڤانی لە سەربەخۆیی و ئاسایشی ئێران دایە. حاتەمی جەختی کرد: هاریکاریی ئەرتەش و سپا، بەربەستێکی پتەوە لەهەمبەر هەرچەشنە هەڕەشەو دەسدرێژییەک و یەکڕیزیی پتەو و قایمی ئەو دوو هێزە، ئەستوون و کۆڵەکەی پاوەجێی ئاسایشی نیشتمانی و قەڵغان لەهەمبەر پیلانی دوژمنان بەئەژمار دێ. فەرماندەی گشتیی ئەرتەش هەروەها وتی: گەلی ئێران لەهەمبەر زەخت و گوشار و داواکاریی دوژمنان، راوەستاوەو هێزە چەکدارەکانیش لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان مامەڵە ناکەن. ئەمیر حاتەمی لەکۆتاییدا جەختی کرد؛ دوژمنان دەبێ بزانن هەرچەشنە دەسدرێژییەک بۆسەر ئێران، بەرەوڕووی وەڵامێکی خێرا، ژیرانەو بەهێز دەبێتەوە لەلایەن ئەرتەش و سپاوە.