بەم زووانە ڕۆبۆتەکان بەشێک لە کارەکانی ماڵەوە ئەنجام دەدەن
توێژەران دەڵێن، ئەو ڕۆبۆتانەی کە بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد دروست دەکرێن، بەم زووانە نزیکەی ٤٠٪ی کارەکانی ماڵەوە ئەنجام دەدەن.
توێژەرانی زانکۆی ئاکسفۆرد ڕایانگەیاندووە ھەتا ساڵی ٢٠٣٣ زۆرێک لە ئەرکەکانی ماڵ بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبن و یان بە ڕۆبۆت ئەنجام دەدرێن و ئەو کاتەی کە خانمانی ماڵەوە بۆ ئەنجامدانی کاری ماڵەوە تەرخانی دەدەن، بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە و دیارە ئەمەش مژدەیەکی خۆشە بۆ خانمانی ماڵەوە، کە بەشێکیان زۆربەی کاتەکانیان لە ماڵەوە خۆیان بە ڕاپەڕاندنی فرمان و کاروباری نێوماڵ خەریک دەکەن.
بەپێی توێژینەوەیەک کە لەم دواییانەدا ئەنجامەکانی بڵاوکراونەتەوە، ڕەنگە لە ماوەی ساڵانی داهاتووداو بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠٣٣ەوە خانمانی ماڵەوە بتوانن زۆربەی کارەکانی ماڵەوە بۆ ڕۆبۆتەکان بەجێ بهێڵن، یان بەشێک لە کەل و پەلی نێوماڵ بە زیرەکیی دەستکردەوە تەیاربکرێن و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک بەشێک لە کارە دیاریکراوەکان ئەنجام بدەن و بەم پێیە لە وەھا بارودۆخێکدا خانمانی ماڵەوەش کاتێکی بەتاڵی زیاتریان ھەبێت.
لێکۆڵینەوەکان وا دەر دەخەن کە، کە خانمانی ماڵەوە بەشی ھەرەزۆری کاتەکانیان لە ماڵەوە بە قاپ شۆردن و چێشت لێنان بەسەر دەبەن.