تشرینی یه‌که‌م 09, 2023 22:31 Asia/Tehran
  • کاریگەرییەکانی وەرزی پاییز لەسەر پێست چییە ؟

وەرزی پایز دەناسرێتەوە بە جیاوازیەکی بەرفراوانی پلەی گەرمی لە نێوان شەو و ڕۆژدا، هەروەها ڕەوتی هەوای سارد و وشک، ئەم ڕەوتی هەوا سارد و وشکە کێشەی زۆرمان بۆ دروست دەکەن، لەوانە وشکبوونی پێست، ئەگەر ئاگاداری نەبین ڕەنگە تووشی قڵیشان ببێت و پێستەکەی هەڵبدات.

دکتۆر سەرگوڵ پسپۆری نەخۆشیەکانی پێست و جوانکاری گرنگترین ئەو کێشانە دەخاتەڕوو کە لەم وەرزەدا تووشی پێست دەبێت، ئەوانیش بریتین:

- وشک بوونی پێست بەهۆی کەمبوونی ڕادەی شێ لە هەوادا کە دەبێتە ھۆی دروستبوونی توێشکی سپی لەسەر پێست و خوران و سووربوونەوەی پێست.

- سەرهەڵدانەوە و خراپ بوونی ئێکزیما لەو کەسانەی ئێکزیمایان هەیە بە تایبەتی لە منداڵان.

- ئەو کەسانەی نەخۆشی گوڵیان هەیە بارودۆخییان خراپ دەبێت، بەهۆی گۆرانی گەرمی و ساردی و زیاتر خواردنی کافایین لەم وەرزەدا.

- ئەوانەی ئێکزیمای چەوریان هەیە لەم وەرزەدا خراپتر دەبن و تووشی توێشکی و سووربوونەوە دەبن لە ناو سەر و سەر برۆ و لای کەپوو و سینگیان.

- هەندێک نەخۆشی تر هەیە کە لە هاوین بەرەو باشی دەچن ،بەهۆی کاریگەری تیشکی خۆر لەوانەیە لەم وەرزەدا خراپتر بن، بۆ نمونە نەخۆشی سەدەفییە.

بۆ خۆپارێزی و کەمکردنەوەی کاریگەری ئەم وەرزە لەسەر پێستمان باشترین شت کەمکردنەوەی ماوەی خۆ شوشتن و دوورکەوتنەوە لە بەکارھێنانی ئاوی گەرم و لیفکە، هەروەها زۆر گرنگە کە کرێمە شێدارکەرەوەکان بەشێوەیەکی رۆژانە و رێکوپێکی بەکاربهێنین.

هەروەها پێویستە ڕۆژانە بڕێکی پێویست ئاو بخورێتە، چونکە زۆربەمان ئاو خواردنەوە لەبیر دەکەین لە وەرزی پایز یان زستاندا ئەم بڕەش ڕۆژانە کەمتر نەبێت لە دوو لیتر.

 

 

 

سەرپەیڤ