قۆناغەکانی درووستبوونی نەوت؛ "ئاڵتوونی ڕەش" چۆن درووست دەبێت؟
نەوت بە "ئاڵتوونی ڕەش" ناسراوە؛ سووتەمەنییەکی بەردینە کە بە ئاسانی دەسووتێت و بە شێوەیەکی سەرەکی لە کاربۆن و هایدرۆجین پێک هاتووە و بەم شێوەیە بە هایدرۆکاربۆن ناسراوە.
نوت مادەیەکە کە لە سەردەمە کۆنەکانەوە مرۆڤ ناسیویەتی و بۆ گەلێ مەبەست بەکاری هێناوە. قیر یەکێکە لە بەروبوومی نەوت کە میسرییە کۆنەکان بۆ مۆمیاکردنی لاشە مردووەکان بەکاریان هێناوە. هەروەها بابلییەکان و ئاشوورییەکان بۆ خانوو بەکاریان هێناوە و هیندییە سوورەکان و دانیشتوانی میانماریش دواتر دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی.
بە پێی بیردۆزی پەسەندکراوی نەوت، "بیردۆزی ئەندامی" دەڵێت کە لە پێش مێژووەوە و ملیۆنان ساڵ پێش ئێستا، نەوت و گاز و سووتەمەنییە بەبەردبووەکان لە زیندەوەری وردەوە درووست بوون و بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ دەبێت تا بووە بەو بەرهەمەی کە ئێستا بەکاری دەهێنین وەکوو سەرچاوەیەکی سەرەکی وزە.
درووستبوونی نەوت ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر دەستی پێ کردووە. ٧٠٪ی ئەو نەوتەی کە ئێستا هەیە لە سەردەمی میسۆزۆیک (۲٥٢ بۆ ٦٦ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا) درووست بوون، ٢٠٪ی لە سەردەمی سینۆزۆیک (٦٥ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا) درووست بوون و تەنها ١٠٪ لە سەردەمی پالێۆزۆیک (٥٤١ بۆ ٢٥٢ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) درووست بوون. بە تێکڕای خەمڵاندنی ٥٠ مەتر لە هەر ملیۆن ساڵێکدا، ٦٠ ملیۆن ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی ئاژەڵە مردووەکان ببنە هایدرۆکاربۆنی شل. بۆیە نەوت وەک وزەیەکی نوێ نەبووەوە پۆلێن دەکرێت.
قۆناغەکانی درووستبوونی نەوت
ئەو پرۆسەیەی کە نەوت درووست دەکات بە شێوەیەکی گشتی لە زۆربەی ناوچەکاندا هەمان پرۆسەیە، هەرچەندە لەوانەیە جۆری جیاوازی پاشماوەی ڕووەک و ئاژەڵ هەبێت کە لە بارودۆخی کەمێک جیاوازدا درووست بووبن. بۆ درووستبوونی نەوت، پێویستە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە ڕووبدات:
پلانکتۆنی مردوو (پاشماوەی ئەو زیندەوەرانەی کە لە سەردەمی پێش مێژوو کە تاکە زیندەوەر بوون لەوکاتەدا هەبن کاتێ زەوی زۆربەی بە ئاو داپۆشرابوو) - هەردوو فیتۆپلانکتۆن و زووپلانکتۆنەکان دەگرێتەوە - هەروەها لەگەڵ قەوزە و بەکتریا دەکەونە ژێر زەریا و تێکەڵ دەبن لەگەڵ ماددەی نائەندامی وەک قوڕ کە لە جۆگە و ڕووبارەکانەوە دەچنە ناو زەریاکان. ئەمەش دەبێتە هۆی پێکهێنانی قوڕێکی ئەندامی. ئەم قوڕە تەنها دەتوانێت لە ژینگەی ئاویدا درووست بێت.
ئەم قوڕە نابێت ئۆکسیجینی بەربکەوێت؛ چونکە بە ئۆکسجین ماددەی ئەندامی ناو قوڕەکە لەلایەن بەکتریاوە تێک دەچێت و بەخێرایی لەناو دەچێت. بۆیە ئەو ژینگەیەی کە نەوت دەتوانێت درووست بکات بە ژینگەی "ئەنۆکسی" ناسراوە (قووڵایی زەریاکان ئۆکسجینی تیا نییە). دواتر ماددە و چینی لمی نیشتووی تری لەسەر کۆ دەبێتەوە و لەدوای چەند ملیۆن ساڵێکدا، بەهۆی پەستان دەبێتە بەردی نیشتەنی و بەردی قوڕی ئەندامی.
ئەگەر ئەم شیلەیە لە نێوان ٢ بۆ ٤ کیلۆمەتردا نێژرابێت، ئەوا پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە بەهۆی شوێنەکەی لە ناوەوەی زەوی. ئەم بەرزبوونەوەی پەستان و پلەی گەرمییە ماددە ئەندامییەکە بە پڕۆسەی دایاجێنسس (diagenesis)، دەگۆڕێت بۆ ماددەیەکی نیمچە شلی ناسراو بە کیرۆجین (Kerogen).
پاشان دوای پەستان و گەرمکردنی زیاتر، کیرۆجینەکە پڕۆسەی کاتاجێنسسدا (Catagenesis) دەڕوات و گۆڕاوە بۆ نەوت و گازی سرووشتی. جیاوازی پەستان و پلەی گەرمی و جۆری ئەو زیندەوەرەی کیرۆجینەکەی پێکهێناوە دەبێتە هۆی درووستبوونی جۆری جیاوازی هایدرۆکاربۆن. بۆ نموونە ئەگەر پلەی گەرمی کیرۆجین لە ٩٠ پلەی سیلیزی زیاتر بێت بەڵام لە ١٦٠ پلەی سیلیزی کەمتر بێت، ئەوا کیرۆجین دەگۆڕدرێت بۆ نەوت و گازی سرووشتی؛ ئەم مەودای پلەی گەرمییە بە "پەنجەرەی نەوت" ناسراوە. لە پلەی گەرمی بەرزتر لەمە، تەنها گازی سرووشتی یان گرافایت درووست دەبێت. بەڵام ئەگەر پلەی گەرمییەکە نزمتر بێت ئەسفاڵت (قیر) درووست دەبێت.
ئەو بەردەی کە هایدرۆکاربۆنی تێدا درووست دەبێت پێی دەوترێت "بەردی سەرچاوە"، دوای ئەوەی هایدرۆکاربۆنەکە درووست دەبێت، بەناو کونە بچووکەکاندا دەجوڵێت و لە ناوچەیەکی پەستانی بەرزەوە بۆ پەستانی نزم دەگوازرێتەوە، تا دەگاتە بەردێکی کونیلەدار کە جۆری بەردی نیشتەنین. ئەگەر لەسەروو هایدرۆکاربۆنەکەوە چینە بەردی بێ کونیلە هەبێت ئەوا هایدرۆکاربۆنەکە بەشێوەی یەدەگ کۆدەبێتەوە و یەدەگی نەوت پێک دەهێنێت.