May 11, 2025 14:45 Asia/Tehran
  • هونەری ئەبستراکت چییە؛ چۆن لێی تێبگەین؟

هونەری ئەبستراکت، هونەرێکە کە نوێنەرایەتی وێناکردنی ورد و ڕاستی بینراو ناکات، لە بری ئەوە لە ڕێگەی هێڵ، شێوە، ڕەنگ، فۆرم و نیشانەکانی ئاماژەوە مەبەستەکان دەگەیەنێت. هونەرمەندانی ئەبستراکت بۆ دروستکردنی کارەکانیان چەندین تەکنیک بەکار دەهێنن، ئامرازە باوەکان لەگەڵ بیرۆکەی ئەزموونی زیاتر تێکەڵ دەکەن.

لە هونەری ئەبستراکت (بە عەرەبی: ما هو الفن التجريدي؟، بە ئینگلیزی: ?what is abstract art) دەتوانیت سەرنجی پێکهاتە جیاوازەکانی وەک شێوە و ڕەنگ و فۆڕم بدەیت کە چۆن کاریگەرییان  لەسەرت دەبێت. تابلۆیەکی وردی ئاڵۆز و جەنجاڵ کاریگەریەکی جیاوازتری دەبێت بە بەراورد بە تابلۆیەکی ئارام و سادە. "جاکسۆن پۆلۆک" هونەری ئەبستراکتی بەم شێوەیە وەسف کردووە کە "پیشاندەری هەست و وزەیە". باسی لەوە کرد کە چۆن فۆڕمی هونەر بەشێک لە ڕۆح ئازاد دەکات کە پێشتر دەنگی نەبووە. چیتر چاوەڕوان نەدەکرا هونەرمەندان شتەکانی دەوروبەریان بەو شێوەیە بکێشن کە دەیبینن. بەڵکو هونەری ئەبستراکت مۆڵەتی دروستکردنی هونەری پێدان بە گرنگیدان بە غەریزە یان نائاگا.

 

کەی هونەری ئەبستراکت سەری هەڵدا؟

سەرچاوەی سەرهەڵدانی هونەری ئەبستراکت بووە بە جێگای مشتومڕ. بەگشتی "واسیلی کاندینسکی" وەک پێشەنگی هونەری ئەبستراکت دەناسرێتەوە. هەر وەک دەڵێت: "پێشتر یەک نیگارکێش بە شێوازی ئەبستراکت وێنەی نەدەکێشا". یەکەم تابلۆی ئەبستراکت کە هونەری ئەبستراکتی پێشانی خەڵکی دا،  تابلۆی (Komposition V) بوو، لە ساڵی ١٩١١ دروستکرا. بەڵام پێ دەچێت نیگارکێشێکی سویدی کە کەمتر ناسراوە بە ناوی "هیلما ئەف کلینت" پێش کاندینسکی کەوتبێت و یەکەم وێنەی ئەبستراکتی لە ستۆکهۆڵم لە ساڵی ١٩٠٦ دروستکرد (پێنج ساڵ پێش کاندینسکی). لە سەردەمی خۆیاندا پێشەنگ بوون، هەروەها ئەبستراکتەکانی بایۆمۆرفیک و شێوە ئەندازەییەکانی لە خۆ دەگرت.

لە کاتێکدا کە کاندینسکی لە ژیانیدا وەک نیگارکێشێکی سەرکەوتوو ناوبانگی دەرکردبوو، لەلایەکی ترەوە ڕەتکردنەوەی کارەکانی ئەف کلینت وای کرد کە کارەکانی تا ماوەیەکی زۆر بە نەناسراوی بمێننەوە. تابلۆکانی تا ڕادەیەکی زۆر بە شاراوەیی دەهێشتەوە و پێشانگای کەمی هەبوو؛ پێی وابوو کە جیهان ئامادە نییە بۆ بینینی. ئەو کچە بەڵێنی لە کەسوکارەکانی وەرگرتبوو هەتا ٢٠ ساڵ دوای مردنی نابێت پەردە لەسەر تابلۆکانی لاببرێت، واتە کارەکانی تا ساڵی ١٩٨٦ بە شاراوەیی مانەوە.

 

هونەری ئەبستراکت چۆن پەرەی سەندووە؟

دوای سەرهەڵدانی هونەرەکە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٠٠دا لەگەڵ تاقیکردنەوەی بەهرەی هونەرمەندە جیاوازەکان لەسەر شێوازەکە هونەری ئەبستراکت پەرەی سەند. شێوە ئەندازەییەکانی "پیت مۆندریان" ناوبانگێکی زۆری بەدەست هێنا وەکوو یەکێک لە پێشەنگەکانی هونەری ئەبستراکتی سەدەی بیستەم. جاکسۆن پۆلۆک بەناوبانگ بوو بە ڕشتنی بۆیاخ لەسەر کانڤاسێکی ئاسۆیی، هەروەها لە هەموو گۆشەیەکەوە سەیری کارەکانی دەکرد و ڕەنگی دەکردن. "سای تومبلی" دووبارە هونەری ئۆتۆماتیکی سوریالیستی بەکار هێنایەوە – ئەقڵی ئاگای خۆی سەرکوت کرد و ڕێگەی بە ئەقڵی نائاگا دا کە کاریگەری خۆی پیشان بدات – بۆ ئەوەی بتوانێت هەست و سۆزی خۆی دەربخات.

هونەری ئەبستراکت  بەردەوام لە پەرەسەندندایە، وێنەکانی "لی ئێلیس" ڕووبەر و قووڵی بەکار دەهێنن بۆ وێناکردنی گێژاوی ناوەوە؛ بەرهەمە ڕەنگاو ڕەنگەکانی باربارا کروپ بە بوێرانە یاری بە فۆرم دەکەن؛ نیک مالۆن پەیوەندییەک لە نێوان ئەبستراکت و ڕیالیزم دروست دەکات، هانی چاو دەدات بۆ گەشتکردن بە نێو شوێنەواری هێما، وشە و پێکهاتەکاندا.

 

ئێکسپرێشنیزمی ئەبستراکت چییە؟

ئێکسپرێشنیزمی ئەبستراکت بزووتنەوەیەکە بە شەپۆلی دووەمی هونەری ئەبستراکت دادەنرێت، کە لە چلەکانی سەدەی بیستەمدا گەیشتووەتە ناوەندی شاری نیویۆرک. کاریگەرییەکی زۆری سوریالیزمی لەسەر بوو؛ ئەمە یەکەم بزووتنەوەی هونەری ئەمریکی بوو کە کاریگەری نێودەوڵەتی بەدەست هێنا، بانگەشەی هونەرمەندەکانی وەک "جاکسۆن پۆلۆک"، "مارک ڕۆتکۆ" و "ویلم دی کونینگ" دەکرد. ئەو شێوازە بە خێرایی ناوبانگێکی زۆری بەدەست هێنا کە پڕ لە وزە و وردی بوو. نیگارکێش "جەی میوزر" دەربارەی ئێکسپرێشنیزمی ئەبستراکت دەڵێت: "زۆر باشترە ڕۆحی شکۆمەندی دەریا بکێشیت وەک لەوەی هەموو شەپۆلە بچووکەکانی ڕەنگ بکەیت."

"ماتیۆ دیبڵ" یەکێکە لەو هونەرمەندانەی سەردەمی هاوچەرخ کە داڕێژەری هونەری ئەبستراکتی ئێکسپرێشنیزمە. دوای ئەوەی دەیان ساڵ لە بواری بیناسازیدا کاری کرد، وەک هونەرمەندێک هەستێکی پتەوی فۆڕم و پێکهاتە دەهێنێتە ناو پیشە نوێیەکەیەوە. تابلۆی دەچ لە شێوەی سوپایەکی ڕەش و خۆڵەمێشی دەردەکەوێت کە بە بەهێزی بەسەر کانڤاسەکەدا سەما دەکەن. تابلۆکە بە شێوەی خێرا و یاخی دەردەکەوێت، وەک ئەوەی شێوەکان ئازاد بکرێن و لە قاڵبێکی خنکێنەر ڕزگاریان بووبێت. لەلایەکی ترەوە "ڕابید شکسپیر" فۆڕم و بێ فۆڕم تێکەڵ دەکات، کە جەنجاڵی و شپرزەیی لە تابلۆکانیدا بەدی دەکرێت بەڵام بە هێڵی ڕوون هێور دەکرێنەوە.

 

ئەبستراکت فۆتۆگرافی چییە؟

کاتێک کە فۆتۆگرافەرەکان جوانکاری و تەکنیکەکانی هونەری ئەبستراکت وەردەگرن و دووبارەی دەکەنەوە پێی دەوترێت "ئەبستراکت فۆتۆگرافی". ئەم فۆتۆگرافەرانە تێکەڵەیەک لە شتەکانی ڕۆژانە و دیمەنەکان و تەکنیکی فۆتۆگرافی بەکار دەهێنن بۆ دروستکردنی وێنەیەک کە لەگەڵ جۆرەکانی تری هونەری ئەبستراکتدا بگونجێت.

فۆتۆگرافەرانی وەک باربارا کرەین کە لە ساڵی ٢٠١٩ کۆچی دوایی کردووە، لە نزیکەوە ڕەسمەکانی گرتووە و زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی سێبەردا کردووە بۆ دروستکردنی دیمەنێکی ناوازە کە بە هۆی باڵەخانە کۆنەکانەوە دیمەنی شارەکە شێوێندرابوو. هەروەها بینا بەرزەکان و بلۆکی شوقەکان گۆڕدراون بۆ وێنەی ئەبستراکتی ئەندازەیی کۆنتراستی بەرز. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٢دا باربارا کرەین وتی: "هەرچەندە لەسەر ئەزموونی ڕابردوو بنیات دەنێم، بەڵام هەوڵ دەدەم خووەکانی پێشووی بینین و بیرکردنەوەم بنبڕ بکەم، بەردەوام بەدوای ئەو شتانەدا دەگەڕێم کە لە ڕووی بینراوەوە تازەن بۆ من؛ لە هەمان کاتدا هەمیشە هیوادارم کە تێکەڵبوونی فۆڕم و ناوەڕۆک ڕووبدات."

 

چۆن لە هونەری ئەبستراکت تێبگەین؟

 

تێگەیشتن لە هونەری ئەبستراکت ئاسانە تەنها پێویستی بە ئەقڵێکی کراوە و خەیاڵێکی فراوانە. هەروەها کراوەیە بۆ لێکدانەوە و ئەوەش یەکێکە لە سیفەتە جوانەکانی ئەم هونەرە. ئەبستراکت تەنها بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بەکار ناهێنرێت. بەڵکو پێویستە ئەقڵێکی کراوە و پرسیارکەرت هەبێت؛ دەبێت بچیتە ناو تابلۆکە و بزانیت بەرەو کوێ دەتبات. هونەری ئەبستراکت ئازادیت پێ دەبەخشێت کە بەدوای کارە هونەرییەکەدا بگەڕێیت و خۆت واتا بۆ تابلۆکە دابنێیت. ئەمەش وا دەکات ئەزموونی بینەر لە کارێکی هونەریدا دەوڵەمەندتر ببێت.

 

خەڵکی چۆن لە هونەری ئەبستراکت تێگەشتوون؟

هەموو کەسێک ناتوانێت بە شێوەیەکی سرووشتی لە هونەری ئەبستراکت تێبگات. ئەو جۆرە هونەرەیە کە وا لە هەندێک کەس دەکات بە سەرسوڕمانەوە بڵێن "منداڵە پێنج ساڵانەکەم دەتوانێت ئەوە بکات!". ئەوەی خەڵک هەستی پێ ناکەن ئەوەیە کە باشترین هونەرمەندەکانی ئەبستراکت توانای وێنەکێشانی ورد و نایابی پێکهاتەکانیان هەیە و تێگەیشتنێکی قووڵیان لە کارکردنی ڕەنگەکان هەیە. زۆربەی هونەرمەندەکانی ئەبستراکت توانای کێشانی گوڵێکی ڕێک و تەواویان هەیە، بەڵام ئەوە ناکەن. هونەرمەندەکان ئەوەیان بەلاوە پەسەندە کە داهێنەریی خۆیان لە دروستکردنی ئەزموونێکی بینراو و ئازاد دەربخەن.

هەروەها هونەری ئەبستراکت هەندێ جار دەبێتە هۆی نیگەرانی خەڵکی؛ چونکە تەنها بە سەیرکردنێک نازانن هونەرەکە دەربارەی چییە. یان لەبەر ئەوەی وا گریمانە دەکەن کە لە هیچ ناچێت، کەواتە تابلۆکە دەربارەی هیچ شتێک نییە. لەبەر ئەوەی هونەری ئەبستراکت شتگەلێکی ناسراوی تێدا نییە، بۆیە هیچ شتێک نییە دەستی پێ بگرێت و پشتی پێ ببەسترێت بۆ تێگەشتن لە واتای تابلۆکە. ئەمەش دەبێتە هۆی سەرلێشێواندن و نیگەرانی، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە ڕانەهاتوون بە دانانی واتایەکی تایبەت بۆ ئەو شتەی کە لە پێش خۆیاندا دەیبینن.

هونەری ئەبستراکت دەربارەی چییە؟

هونەری ئەبستراکت لەبارەی هیچ شتێکی دیاریکراو نییە. لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە فۆڕم، ڕەنگ، هێڵ، نەخش، پێکهاتە و پرۆسەوە هەیە. ئەمانە سیفەتە فەرمیەکانی کاری هونەرین، باس لەوە دەکەن کە هونەر چۆنە و چۆن دروست دەبێت. هونەری ئەبستراکت گەڕانێکە بۆ ئەم سیفەتە فەرمییانە، واتای هونەرەکە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەم سیفەتانەیە بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی بینراو (هەناوی، مێشک، سۆزداری…چەندانی تر)ەوە وەرگیراوە.

 

پابلۆ بیکاسۆ چی دەڵێت دەربارەی تێگەشتن لە هونەری ئەبستراکت؟

پابلۆ پیکاسۆ دەڵێت: "هەموو کەسێک دەیەوێت لە هونەر تێ بگات. کەواتا بۆچی هەوڵ نادەین لە دەنگی باڵندە تێ بگەین؟"

پیکاسۆ دەڵێت: "ناتوانرێت تەنها بە وشە بە شێوەیەکی گونجاو هونەر ڕوون بکرێتەوە، چونکە کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان کەسییە و قسە لەگەڵ بەشە نازارەکییەکانی بوونمان دەکات. بۆیە هونەر ئەزموونێکە، دەبێت واز لە دەڕبرینی هونەرەکە بهێنیت بە شێوەی وشە، لێگەرێ با کارە هونەریەکان بتبەنە شوێنێک... تەنانەت بەرزت بکەنەوە بۆ کایە باڵاکان".

چۆن دەست دەکەیت بە تێگەیشتن لە هونەری ئەبستراکت؟

دەبێت لەگەڵ بەشێکی جیاوازی خۆتدا 'لە هونەری ئەبستراکت تێ بگەیت، بەشێک کە ڕەنگە بە شێوەیەکی ئاسایی بەکاری نەهێنیت یان پێی ئاشنا نەبیت. لە بنەڕەتدا دەبێت: قبووڵ بکە کە ئەوە هەر ئەوەیە کە هەیە. هەوڵ مەدە واتایەکی ورد و تەواو بۆ وێنەیەک دیاری بکەیت. سەیری هونەری ئەبستراکت بکە بە هەمان شێوەی ئەوەی کە گوێ لە سیمفۆنیایەک دەگریت. کاتێک گوێ لە مۆسیقا دەگریت، هەوڵ نادەیت دەست بە نۆتەکانەوە بگرێت - ڕێگەیان پێ دەدەیت نقومت بکەن. ڕێگە بدە با چاوەکانت بەسەر تابلۆکەدا بگەڕێن بەو شێوەیەی کە نۆتەکانی سەمفۆنیایەک بە ناو ڕۆحتدا نقوم دەبن. با چاوەکانت یاری بە تابلۆکە بکەن، بە گۆشەکاندا بخلیسکن، بەدوای پێچ و پەناکاندا بگەڕێن و لە ڕووی تابلۆکەدا نوقم بن و دەربچن. با چاوەکانت بە دەوری تابلۆکەدا سەما بکەن.

لەبری ئەوەی هەوڵ بدەیت بزانیت تابلۆکە لە چی دەچێ، تەنها ڕێگە بە خۆت بدە بچیتە ناو تابلۆکەوە. بزانە چ هەست و سۆزێک یان یادەوەرییەک پیشان دەدات. لێگەڕێ با چاوەکانت ئارام بن و بە دەوری تابلۆکەدا بگەڕێن. سەرنجی ڕەنگەکان، فۆڕمەکان، کەرەستەکان، ڕووکارەکان و چۆنیەتی کارلێککردنیان لەگەڵ یەکتردا بدە. کاتی خۆت وەرگرە، ڕێگە بدە با تابلۆکە قسەت بۆ بکات.

باشترین ڕێگا بۆ تێگەشتن لە ئەبستراکت

باشتر وایە هونەری ئەبستراکت لە نزیکەوە ببینیت بۆ ئەوەی بە تەواوی لە کاریگەرییەکان  تێ بگەیت. ئەمەش یارمەتیدەرێکی بێئەندازە دەبێت لە تێگەیشتن لە هونەری ئەبستراکت. ناتوانیت کاریگەری تەواوی پارچە هونەرێک لە وێنەیەکی بچووکەوە لە کتێبێکدا یان وێنەیەکی پێکسڵکراو بەشێوەی سەرهێڵ ببینیت. بەڵام ئەگەر لە نزیکەوە بیبینیت دەتوانیت پێکهاتە، قەبارە، بەرکەوتەی فڵچەی بۆیاخ، درەوشاوەیی یان ماتی ڕووکارەکە بە باشی ببینیت. دەتوانیت لە هەموو سوچێکی ژوورەکەوە هەست بە هێز و کاریگەری تابلۆکە بکەیت.

دەتوانێت لە هەمان ئەو شوێنە بوەستی کە ڕۆژێک وێنەکێشەکە لێی وەستاوە، هەوڵ بدەیت لە بیڕۆکەکانی وێنەکێشەکە لە هەر بەرکەتنێکی فڵچەکە بە ڕووکارەکەدا تێ بگەیت و هەستیان پێ بکەیت. تێگەیشتن لە هونەری ئەبستراکت پێویستی بە تێڕوانینێکی قووڵ هەیە بۆ ئەوەی خۆت واتای پشت کارەکە بدۆزیتەوە. تێگەشتن لێی وەک ستیل لایف، پۆرترەیت، یان فۆڕمێکی تری هونەری  ئاسان نییە، چونکە کراوەیە بۆ لێکدانەوە جیاوازە لە هونەرەکانی تر.

 

سەرپەیڤ