تشرینی دووه‌م 07, 2025 14:32 Asia/Tehran
  • پارێزگاریکردن لە نینۆکی سرووشتی - بەشی دووەم

بۆیەکردن تاکە چارەسەر نییە بۆ شاردنەوەی کێشەکانی نینۆک، بەڵکو بۆ مانەوەی نینۆکی سرووشتیت پێویستیان بە چاودێری و گرنگیدانێکی درووست هەیە بە بەردەوامی. هەروەها کۆمەڵێک هەڵەی باو هەیە کە دەبێت لێیان دوور بکەویتەوە بۆ مانەوەی نینۆکی سرووشتی خۆت و ڕێگریکردن لە شکانی و مانەوەی بە تەندرووستی.

کۆمەڵێک ئامۆژگاری بۆ پارێزگاریکردن لە مانەوەی نینۆکی سرووشتی

شەشەم/ دوور بکەوەرەوە لە بەکارهێنانی جێڵ و ئەکریلیک واتا نینۆکی دەستکرد

جێڵ و ئەکریلیک و هونەری نینۆک بێ گومان زۆر جوانن بەڵام بەداخەوە زیانێکی زۆر بە نینۆکەکان دەگەیەنن لەبەرئەوە ئەگەر دەتوانیت بە تەواوی لێیان دوور بکەوەرەوە. دانانی نینۆکی دەستکرد جوانیەکی تایبەتی هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زیانی هەیە و دەبێتە هۆی زوو شکان و بێهێزی نینۆکی سرووشتی خۆت، چونکە پاودەرە ئەکریلیکەکان بڕێکی زۆر مادەی کیمیایی تێدایە کە توانای چوونە ناو خوێنی هەیە لە ڕێگەی ژێرەوەی نینۆکەکەوە. هەروەها ئەو لامپە سەروو بنەوشەییانەی کە لە مانیکیۆری جێڵدا بەکار  دەهێنرێن زیان بە پێستی دەوروبەری نینۆک و دەستەکانت دەگەیەنن. 

 

حەوتەم/ نینۆکەکانت بە یەک ئاراستە چاک بکە

هەوڵبدە با چاککردنی نینۆکەکانت بە شێوەی هێواش و نەرم بێت و بە یەک ئاراستە بێت، ئەگەرنا نینۆکەکان لاواز دەبن و پێشوەختە دەشکێن. هەروەها چاککردنی نینۆکەکانت بە هەمان ئاراستە یارمەتیت دەدات بۆ بەدەستهێنانی نووکێکی نەرم و ئاسانکاریت بۆ دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئەو شێوە نینۆکەی کە دەتەوێت. ئەگەر چاککردنی نینۆکەکانت بە شێوەیەکی ئاڕاستە (یەکسان) ئەنجام نەدەیت، ئەوە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە نینۆکەکانت. سەرەتا بە چاککردنی نینۆکت لە گۆشەیەکەوە بۆ ناوەڕاستی نینۆکت دەست پێ بکە پاشان لە گۆشەی بەرانبەرەوە بۆ ناوەڕاستی نینۆکت. ئەم پرۆسەیە یارمەتیت دەدات بۆ بەدەستهێنانی کۆتایییەکی نەرم و زیان بە لێوارەکانی نینۆکت ناگەیەنێت.

 

هەشتەم/ هەرگیز بۆیە زۆر مەهێڵەوە بە نینۆکەتەوە

هێشتنەوە بۆیەی نینۆکەکانت بۆ ماوەیەکی زۆر خراپترین شتە کە بەرانبەر نینۆکەکانتی دەکەیت چونکە ڕووی نینۆکەکانت زبر و وشک دەکات. هەروەها چینی سەرەوەی نینۆکەکانت دەڕوشێنێت و زیانیان پێدەگەیەنێت. هەوەرها هەمیشە پێویستە بۆیەی نینۆکەکەت بە یەک چین لێبدەیت بۆ ئەوەی زیانی کەمتر بگات بە نینۆکەکەت. هەروەها بۆ لابردنی بۆیەی سەر نینۆکەکانت لابەری بۆیە (ڕیمۆڤەر)ی بێ ئەسیتۆن بەکاربهێنە.

 

نۆیەم/ بەکارهێنانی زەیتی کوتیکڵ (Cuticle) بۆ دوورکەوتنەوە لە نینۆکی شکاو

نینۆکەکانت پێویستیان بە خۆراکی بەردەوام هەیە هەربۆیە چارەسەری نینۆک یان مانیکیۆر هەفتانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە نینۆکەکانت بە بەهێز و تەندرووستانە بمێنێتەوە. دوای چارەسەرکردن زەیتی کوتیکڵ بەکاربهێنە بۆ خۆراکدانی نینۆکەکانت.

 

دەیەم/ خۆراکی باش بخۆ

خواردنی باش هەموو کێشەیەک چارەسەر دەکات کێشەی نینۆک لە ئەنجامی خۆراکی خراپە و پیسەوە درووست دەبێت وەک نینۆکی شکاو لە ئەنجامی کەمی کالیسیۆمەوەیە. پێویستە بڕێکی پێویست کالیسیۆم لە خۆراکەکەتدا هەبێت هەروەها ئەو خۆراکانە بخۆ کە ڤیتامین E و پرۆتین و ئاسن و ڤیتامین D و زینک و مەگنیسیۆمیان تێدایە، وەک (گوێز، چەوەندەر، سۆیا، فاسۆلیا، دانەوێڵەی تەواو و سەوزە... چەندانی تر) ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە نینۆکی تەندرووستتر و بەهێزت هەبێت.

سەرپەیڤ