ئەفسەرانی تورکیایی خوازیاری پەنابەرێتی سیاسی لە ئەڵمان بوون
ژمارێک لە ئەفسەرانی تورکیایی کە لە بنکەی ناتۆدا لە باشووری ڕۆژاوای ئەڵمان سەقاگیرن، لە ترسی ئەوەی لە لایەن دەوڵەتی ئەردوغانەوە پاش کودەتا بێ ئاکامەکەی ئانکارا قۆڵبەست بکرێن و سەرکوت بکرێن، لە دوی وەرگرتنی پەنابەرێتیی سیاسی لە ئەڵمانن.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ ژمارێک لە هێزە سەربازییەکانی تورکیا کە لە بنکەی ناتۆ لە "راینلاند- فالتەر" لە باشووری ڕۆژاوای ئەڵمان سەقامگیرن لە دووی وەرگرتنی پەنابەرێتی سیاسی لەم وڵاتەدان.
"پائۆل یونکەر" بەڕێوەبەری ناوچەی "کایزەر سلاترنم" ڕۆژی چوارشەممە (دێنێ) بە گۆڤاری "شپیگێل"ی گوت: پتر لە یەک کەس ئاوا داخوازێکیان هێناوەتە ئاراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ ژماری ورد و درووستی هێزە سەربازییەکانی تورکیا و ئەندامانی بنەماڵەیان کە خوازیاری پەنابەرێتی سیاسی لە ئەڵماندان، هێشتا ڕوون و ئاشکرا نییە.ئەم کەسانە دوابەدوای سەرکوتکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دژ بە شاروومەندانی ئەم وڵاتە پاش کودەتای بێ ئاکامی ئانکارا، داخوازێکی ئەوتۆیان هێناوەتە ئاراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی شپیگل، داخوازی پەنابەرێتیی سیاسیی ئەو ئەفسەرانەی ئاراستەی نووسینگەی فدراڵی کۆچ و کۆچبەری و پەنابەرێتیی ئەڵمان (BAMF) کراوە. نزیکەی ٤٠ کەس لەو ١٠٠ ئەفسەرەی کە لە بنکەی هێزی ئاسمانیی "رامستین"ی ئەمریکا لە راینلاند فالتز سەقامگیرن، شاروومەندی تورکیان.
١٥ی ژولایی ئەمساڵەی زایینی ، کودەتایەکی سەربازی لە تورکیا ڕووی دا کە پاش یەک ڕۆژ سەرکوت کرا و بێ دەسکەوت بوو. نزیکەی ٢٤٠ کەس لەو کودەتایەدا کوژران و دوو هەزار کەسیش بریندار بوون.
ئانکارا، "فەتحوڵلا گولەن" یەکێک لە کەسایەتییەکانی نەیاری "ڕەجەب تەیب ئەردوغان" سەرۆک کۆماری تورکیا کە لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە تا ئیستا لە پنسیلوانیای ئەمریکا ژیان دەباتە سەر، بە دەستی پشتی پەردەی ئەم کودەتایە دەزانێ کە هەڵبەت گولەن هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی وەزیری دادی تورکیا، سەرجەم ٣٢ هەزار ئەفسەری هێزی سەربازی، کارمەندی باڵا، دادوەر و مامۆستای تورکیایی کە گومانی پێوەندی لەگەڵ گولەنیان لە سەرە و بە هۆگری ئەو دەناسرێن، دوابەدوای کودەتای بێ ئاکامی ژولایی ٢٠١٦ گیراون.