پێداگریی تورکیا لە سەر پەیوەست بوونی ئەم وڵاتە بە یەکێتیی ئەورووپا
سەرۆک کۆماری تورکیا جارێکی تر لە سەر سوور بوونی ئەم وڵاتە بۆ ئەندامەتی لە یەکێتیی ئەورووپا پێی داگرت.
بە پێی نووسینی ڕۆژنامەی حوڕییەت چاپی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە لە لێدوانێکدا لە وەرشەوی پێتەختی پۆڵۆنیا وتی: ئانکارا مێزی دانوستانەکان بۆ ئەندامەتی لە یەکێتیی ئەورووپا بەجێ ناهێڵێ.
ئەردوغان بە ڕاشکاوی وتی: تورکیا چاوەڕوانی دەست پێ بوونەوەی دانوستانی پەیوەست بوون بە یەکێتیی ئەورووپایە.
سەرۆک کۆماری تورکیا هەروەها وێڕای ئاماژە کردن بە ڕێککەوتنی نێوان تورکیاو یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە پەناخوازان وتیشی: ئەورووپا تەنیا 885 ملوێن یۆرۆ لەو سێ ملیارد یۆرۆ دیار کراوەی ڕێککەوتنەکەی بە تورکیا داوە.
بەپێی ڕێککەوتنی تورکیاو یەکێتیی ئەورووپا کە لە مارسی ساڵی ڕابردوو چووە واری جێبەجێ کردنەوە، یەکێتیی ئەورووپا بەڵێنی دا لە بەرامبەر کردارەکانی تورکیا بۆ پێشگرتن بە شاڵاوی پەناخوازان بەرەو ئەورووپا سێ ملیارد یۆرۆ بۆ بەڕێوەبردنی پەناخوازان یارمەتیی تورکیا بدات.
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی سێ شەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێک بە مەبەستی پەرە پێدانی پەیوەندیی دوو لایەنەی لەگەڵ پۆڵۆنیا بەرەو وەرشەوی پێتەختی ئەم وڵاتە وەڕێ کەوت. ئەردوغان ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی سێنا و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی پۆڵۆنیا لە پشت دەرکە داخراوەکان دیدارو وتووێژی کرد.