تشرینی دووه‌م 22, 2018 16:47 Asia/Tehran
  • نیگەرانی دەربڕینی یەکێتیی ئەورووپا لە بارەی ڕەوشتی زیندانیە سیاسییەکان لە تورکیا

یەکێتیی ئەورووپا لە بارەی ڕاپێچ کردنی ھەڵسوڕاوانی سیاسی لەوانە ڕۆژنامەنووس و زانکۆییەکان لە تورکیا نیگەرانیی دەربڕیوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز «یوھانس ھان» کومەیسەری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری سیاسەتی دراوسێیەتی و پەرە پێ دانی یەکێتیەکە ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ئانکاردا ڕایگەیاند کە یەکێتیی ئەورووپا بە توندی نیگەرانی ئەو ژمارە زۆرەی ڕۆژنامەنووس و زانکۆییەکانە کە لە بەندیخانەکانی تورکیادا بەسەر دەبەن.

«یوھانس ھان» ئەمڕۆ لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ مەولوود چاووش ئوغلو وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا و فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەخی یەکێتیی ئەورووپا ئاوا ھەڵوێستێکی دەربڕی.

فدریکا موگرینیش بەش بە حاڵی خۆی لەم پرێس کۆنفرانسە ھاوبەشەدا ھیواداریی دەربڕی کە سەلاحەددین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان لە تورکیا ھەرچی خێراتر ئاراد بکرێت.

دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا ھەروەھا ڕۆژی سێ شەممە تورکیا بە پێشێل کردنی مافە بنەماییەکانی سەلاحەددین دەمیرتاش تاوانبار کرد و پێی داگرت کە ئەو بوختانانەی بۆی کراوە تەنیا ناوەڕۆکی سیاسییان ھەیە.

جێگای ئاماژەیە ئەو بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دوای ئەوە دێت کە ماوەیەک لەمەوبەر مەحسون قارەمانی پارێزەری دەمیرتاش، لە بارەی نایاسایی بوونی گرتنی ناوبراو دۆسیەیەکی لە ١٨ خاڵ  پێکھێناو ڕەوانەی  دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای کرد و سکاڵای لە دژی دەوڵەتی تورکیا  بەرز کردەوە. لە ئەنجام دا دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاش لەبارەی ئازاد کردنی دەمیرتاشەوە ڕایگەیاندووە مافی ئازادی و ئەمنیی ناوبراو پێشێل کراوە و دەبێت لە دەرەوەی زیندانەوە دادگایی بکرێت.

ئەمەش لە ھەل و مەرجێکدایە کە دەست بەجێ دوای ڕاگەیاندنەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە، پابەند نابن بە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش.

پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییە تەواو ئاڵۆز بووە.

ھەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا لە بارەی ئاڵ و گۆڕە نێوخۆییەکانی تورکیا لەگەڵ ناڕەزامەندیی ئانکاراد ا بەرەو ڕوو بووەتەوە.

سەرپەیڤ