ئادار 14, 2021 09:40 Asia/Tehran
  • دوای

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "سپۆتنیک"ی ڕوسی، لەدوای کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "S-400"ی ڕوسی لەلایەن تورکیاوە، لەئێستادا ئەنکەرە هەڵسەنگاندن بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی ڕوسیش دەکات، لەوچوارچێوەیەشدا مستەفا لورانک وەزیری پیشەسازیی‌و تەکنەلۆژیای تورکیا بەدوری نەزانیوە کە وڵاتەکەی هەردوو فڕۆکەی سیخۆ-٣٥و سیخۆ-٥٧ بکڕێت.

 

وەزیرە تورکه‌که‌ لەبەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکردوە، هەرچەندە کاری لەپێشینەی تورکیا بریتییە لەپەرەپێدانی تواناکانیان لەبواری دروستکردنی نەوەی پێنجەمی فڕۆکە جەنگییەکان، بەڵام ئەگەربێت‌و فڕۆکە ڕوسییەکان بتوانن وەڵامدەرەوەی پێداوسیتییەکانی تورکیا بن‌و لەداخڵکردنی سیستەمە جەنگییەکانیاندا ئاستەنگیان بۆ دروستنەکات ئەوە بەدڵنیایی دەتوانرێت فڕۆکەی جەنگیی لەڕوسیا بکڕن.

بەقسەی لۆرانک بابەتی کڕینی فڕۆکەی جەنگیی ڕوسیی لەلایەن تورکیا لەکۆبونەوەی سەرکردەکانی ئەو دوو وڵاتەدا باسیان لێوەکراوە، بەڵام جەختیشیکردۆتەوە، سەرەتا هەوڵدەدەن پەرە بەتواناکانی خۆیان لەبواری دروستکردنی فڕۆکەی جەنگیی بدەن.

لەدوای کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400ی ڕوسیی لەلایەن ئەنکەرە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا داوای لەو وڵاتە کرد کە دەستبەرداری گرێبەستەکەی لەگەڵ ڕوسیا بێت، بەوپێیەی لەگەڵ سیستەمی بەرگری ناتۆدا ناگونجێت‌و مەترسیی لەسەر ئاسایشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لەجۆری ئێف-٣٥ دروستدەکات.

لەبەرامبەردا تورکیا ڕەتیکردەوە وەڵامی داواکارییەکەی واشنتۆن بۆ دەستبەرداربون لەسیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠ی ڕوسیی بداتەوەو سوربوو لەسەر تەواوکردنی گرێبەستەکە، لەبەرامبەردا واشنتۆن ئەنکەرەی لەبەرنامەی دروستکردنی فڕۆکەی شەبەحی جۆری ئێف-٣٥ دورخستەوەو هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابوریشی بەسەر ئەوە وڵاتەدا کرد.

سەرپەیڤ