ئادار 11, 2022 13:52 Asia/Tehran
  • کەمال قلیچدار ئوغلو سەردانی «ئامەد»ی کرد

کەمال قلیچدار ئوغلو لە سەردانەکەی بۆ «ئامەد» چارەسەریی کێشەی کوردی بەستەوە بە بیسترانی دەنگی شارومەندانی کورد لە لایەن حکومەتەوە.

کەمال قلیچدارئوغلو سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەلی «جەھەپە»  چارەسەریی کێشەی کوردی بەستەوە بە بیسترانی دەنگی شارومەندانی  کورد لە لایەن حکومەتەوەو لە سیاسەتی حاشاکردن لە پرسی کورد لە لایەن ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیاوە ڕەخنەی گرت.

بە پێی نووسینی مێزۆپۆتامیا ،قلیچدار ئوغلو لە سەردانەکەی بۆ ئامەد وێڕای بەشداری کردن لە دانیشتنی لەگەڵ میدیاکاران و سەرۆکانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە بارەی پرسی کوردەوە وتی: ئێمە شایەتی نادادگەریی زۆرین، ئەگەر نەتوانین بە ئازرادی لە بارەی ئەم شتانەوە قسە بکەین ناشتوانین کێشەکان چارەسەر کەین.

وتیشی: ئەردوغان بانگەشەی ئەوە دەکات کە پرسی کورد ھەر بوونیشی نییە، لە ڕوانگەی ئەوەوە ئاوایەو پرسی کورد بوونی نییە، بەڵام ئایا بۆچوونی شارومەندانیش ھەر ئاوایە؟ ئێوە بە ناوی حکومەتەوە دەبێ لەو شارومەندانە پرسیار بکەن کە ڕووبەڕووی کێشەکەن و گوێ لە قسەکانیان بگرن. ئێوە دەبێ گرقتەکەیان چارەسەر کەن، ئەگەر گوێ لەو شارومەندانە نەگرن لە ڕووبەڕووی کێشەکەن، ناتوانن کێشەکە چارەسەر کەن.

قلیچدار ئوغلو لە بارەی وەلانرانی سەرۆک شارەوانییە ھەڵبژێردراوەکانی خەڵک لە کوردستانی تورکیاش وتی: ئەوەی بە ھەڵبژاردن دێتە سەرکار دەبێ بە ھەڵبژاردنیش بڕوات، حکومەت لە ڕووی یاساییەوە بۆی نییە بەڕێوەبەرانی ھەڵبژێردراوی خەڵک وەلا بنێ و بەڕێوەبەرانی خۆی بە سەریاندا بسەپێنێت.

سەرپەیڤ