ته‌مووز 02, 2022 06:47 Asia/Tehran
  • هەڵاوسان لە ئەستەموڵ گەیشتە 94%

 ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی ئەستەموڵ لە تورکیا گەیشتووەتە 94.4%، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە لە 24 ساڵی ڕابردوودا.

 

نرخی کەلوپەلی مەسرەفی  لە شارە جیاجیاکانی تورکیا لەوان ئەستەموڵ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کەلوپەلی مەسرەفی لە تورکیا، ژیان بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە قورستر بووە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیم، ژووری بازرگانیی ئەستەموڵ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە لە مانگی ڕابردوودا هەڵاوسانی شارەکە لە سەدا چواری تۆمار کردووە و ڕایگەیاندووە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی هەڵاوسان لەو شارە گەیشتووەتە ٩٤.٤%.

 بەپێی ڕاگەیاندنی ژووری بازرگانیی ئەستەموڵ، لەم مانگەدا هەڵاوسانی فرۆشی کاڵای سەرەکی لەم شارە ٨.١٧% بووە و فرۆشی تاکەکەسیش ٤.٠٣% بووە.

لە ئێستادا تورکیا کەوتۆتە ناو قەیرانێکی ئابوورییەوە و بە ڕاگەیاندنی هەڵاوسانی ٩٤٪، دەرکەوت کە ئەم وڵاتە لە ٢٤ ساڵی ڕابردوودا خراپترین دۆخی خۆی بەخۆیەوە دەبینێت.

لە وەها دۆخێکدا هەموو پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکومەت شەو و ڕۆژ پڕۆپاگەندە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن و هاوپەیمانیی سەرۆک کۆمار (ئەردۆغان – باغچە لی)یان خستۆتە گوشارەوە . 

دابەزینی بەهای لیرە، بێکاری، هەڵاوسان و دواتر زیادبوونی هەژاری لە تورکیادا، جەماوەری سەرۆکی ئەم وڵاتە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان زۆر کەم کردووەتەوە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا گەلی تورکیا بۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر دابەزینی بەهای دراوی وڵاتەکەیان و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان چەندین جار خۆپیشاندانی دژە حکومەتیان ئەنجامداوە.

سەرپەیڤ