تشرینی دووه‌م 14, 2022 23:13 Asia/Tehran
  • ئاکپارتی پەنجەی بوختان دەخاتە سەر پەکەکە

میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە ئەنجام دەری تەقینەوەکەی ئەستەمۆڵ ئافرەتێکە بە ناوی «ئەحلام بەشیر» کە کوردی سووریایەو لە لایەن کوردانی نەیاری تورکیاوە بۆ ئەو کارە ڕاسپێردراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی تورکیا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئەستەمۆڵ رایگەیاند کە لە میانی لێکۆڵینەوە لەو هێرشە تیرۆریستییەی لە رێگای دانانی بۆمبەوە لە شەقامی «ئیستیقلال» لە گردوپەڕی مەیدانی «تەقسیم» لە ناوچەی «بەیئۆغڵو»ی ئەستەمۆڵ ئەنجام درا لە گرتەکانی هەزارو ٢٠٠ کامێرای چاودێرییان کۆڵیوەتەوە لە بارەی شوێنی هاتن و رۆیشتنی ئەو کەسەی کە ئەنجام دەری تەقاندنەوەکە بووەو بۆ یان دەرکەوتووە کە دانەری بۆمباکە ئافرەتێکی ھاوڵاتیی سووریایە بە ناوی «ئەحلام بەشیر» کە لەلایەن لقی کۆبانێی «پەکەکە»و«پەیەدە»و «یەپەگەوە» بۆ ئەو کارە ڕاسپێردراوە .

ئەم دامەزراوە ئاسایشتییەی تورکیا وێڕای ئاماژە کردن بە قۆڵبەست کرانی «ئەحلام بەشیر» ڕایگەیاندووە: دوای ئەوەی لە ئەنجامی چاودێری فیزیکی و تەکنیکی بۆیان دەرکەوتووە، تۆمەتبارەکە پەیوەندی هەبووە لەگەڵ ٢١ ناونیشان دا، هەڵمەت بۆسەر ئەو ناونیشانانە ئەنجام دراوە و لە میانی هەڵمەتەکانیش دا، ٤٦ کەس دەستگیرکراون.

وەک ئەم سەرچاوە ئاسایشتییەی تورکیا باسی کردووە، گوایە «ئەحلام بەشیر»ی قۆڵبەست کراو دانی بەوەدا ناوە کە وەک کارمەندی هەواڵگریی تایبەت لەلایەن «پەکەکە»و«پەیەدە»و «یەپەگەوە» ڕاھێنانی پێ کراوە بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەو کارەو بە رێگای نایاسایی لە عەفرینەوە خۆی گەیاندووەتە تورکیا.

جێگای ئاماژەیە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی تیرۆریستی لە شەقامی ئیستقلال لە نزیکی مەیدانی تەقسیم لە ئەستەمۆڵی تورکیا ٦ کەس کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.

سەرپەیڤ