کانونی دوھەم 04, 2023 08:10 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی تورکیا دیداری سەرۆکەکانی ئەم وڵاتە و سوریای لە داهاتوودا ڕاگەیاند

«مەولود چاوشئۆغڵو» وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند:ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و بەشار ئەسەد، سەرۆکانی سوریا و تورکیا دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەردووک وڵات چاویان بە یەکتر دەکەوێت.

وەزیرانی بەرگریی ڕوسیا، سوریاو تورکیا حەوتەی ڕابردوو لە مۆسکۆ وتووێژی سێ قۆڵییان ئەنجامدا و تاوتوێی چارەسەریی قەیرانی سوریا و پرسی پەنابەران و شەڕی دژی تیرۆریان کرد. ئەم دیدارە یەکەمین دیداری فەرمیی بەرپرسانی ئەنقەرە و دیمەشق بوو لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردوودا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە و مۆسکۆ وەک هەنگاوێکی گرنگ بە ئامانجی دروستکردنی متمانە و تاوتوێی ڕێگاکانی چارەسەریی قەیرانی سوریا لە ڕووسیا بەڕێوەچوو.

هەروەها لەبارەی دیدارەکەی بەشار ئەسەد و ئەردۆغان، سەرۆکانی سوریاو تورکیا وتی: کۆبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوریا بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ دەڕواتە پێشەوەو دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵات لە حەوتەی ڕابردوو لە مۆسکۆ، وەزیرانی دەرەوەش لە نیوەی دووھەمی مانگی یەکدا لە دانیشتنێکدا تاوتوێی پرسە دوو قۆڵییەکان دەکەن لە دواقۆناغیش دا ھەردووک سەرۆک کۆمار چاویان بە یەکتر دەکەوێت.

سەبارەت بە کاردانەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە کۆبوونەوەی داهاتووی سەرکردەکانی ئەنقەرە و دیمەشقیش، وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی: هەرچەندە تا ئێستا ئەمریکییەکان هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم کۆبوونەوەیە نەداوە، بەڵام بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردووک وڵاتی ، سوریا و تورکیان.

سەرپەیڤ