کانونی دوھەم 17, 2023 21:15 Asia/Tehran
  • ئەمیر عەبدوڵڵاهیان: ڕێککەوتنەکە بەردەستە؛ ئەمریکا مەرجی نوێ دانەنێت

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئەگەر لایەنی ئەمریکی واز لە لێدوانی دژبەیەک و پێشنیارکردنی مەرجی نوێ بۆ بەرجام بهێنێت و بە شێوەیەکی ڕاستەکی ڕەفتار بکات، ئەوا ڕێککەوتن لە بەردەستیدایە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش دا لەگەڵ «مەولود چاوشئۆغڵو» وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێران وتیشی: ئەگەر ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕاستەکی ڕەفتار بکات، ڕێککەوتن ھێندەش دوورەدەست نییە.

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکانیش وتی: ئێران بەردەوام لەگەڵ برایانی لە تورکیادا لە کارلێک و کۆدەنگیی بەردەوامدا بووەو پەرەسەندنی ئەرێنیی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە دەرئەنجامی ئەو هەوڵانەیە کە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا دەستی پێکردووە.

بەرپرسی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە هەر پێشکەوتنێک لە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە ھەنگاوێکە لە ئاراستەی قازانجی وڵاتانی ناوچەکە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە هۆی پێوەندیی نزیکی لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ گەییشتن بەم ئامانجە.

«ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» هەروەها سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئۆکرانیاش وتی: پێگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرزترین ئاستدا تاوتوێ کراوەو ئێران دژی شەڕە و سوورە لەسەر چارەسەریی سیاسی.

وەزیری دەرەوەی ئێران گێڕانەوەی ساختەی هەندێک وڵاتی ڕۆژاوایی سەبارەت به ئۆکرانیاو گرێدانی قەیرانی ئەم وڵاتەی بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئیدانەکردو بە ڕەت کراوەی زانی.

«ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەفغانستان و هەڵسوکەوتی دەستەڵاتدارانی کاتیی ئەفغانستان لە بێبەری کردنی ژنان و کچان لە خوێندن و دامەزراندنی لەگەڵ تێڕوانینی ڕەحمانیی ئیسلامدا بە یەکنەگر زانی.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران هەروەھا له بارەی دانوستانەکانی پەیوەست بە قەفقازیش ڕایگەیاند، پاراێزرانی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان بنەمایەکی گرینگەو نابێت هیچ گۆڕانکارییەک له ژیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و دابەشبوونی خاکەکەی ئەنجام بگرێت.

سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە کردنەوەی ڕێگاکانی پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە یەکێک لە پرسە گرنگەکانی ئەم بوارەیە کە دەبێتە هۆی گەشەسەندنی بازرگانی و چەسپێندرانی ئاسایشتێکی پاوەجێ لەم ناوچەیەدا.

ھەر لە پرێس کۆنفرانسەکەدا،«مەولود چاوشئۆغڵو» وەزیری دەرەوەی تورکیاش وێڕای ھێنانە ئارای ئەم بابەتەی کە بەردەوام لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران قسە دەکەین، چونکە ئێران وەک دراوسێیەکی کۆن، ٤ سەدە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ تورکیادا هەیە، وتیشی: ئەردۆغان ئێمەی ڕاسپاردووە بۆ ئامادەکاریی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران، ئێمەش ئامادەکارییەکان بۆ ئەم گەشتە ڕێک دەخەین.

وەزیری دەرەوەی تورکیا وێڕای دژایەتی کردنی بایکۆتە تاکلایەنەکانی سەر ئێرانیش، وەھا سیاسەتێکی بە بێ کەڵک زانی و وتی: بەرجام ماوەیەکی زۆر لەسەر مێز بووە، هیوادارین دانوستانەکان بە زووترین کات بگەنە ئەنجام، چونکو لە بەرژەوەندیی تەواوی ناوچەکەدایە .

«چاوش ئۆغڵو» ھەروەھا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی لە بەرنامەی کاری ئێران و تورکیا زانی و  وتی: هەردوو وڵات لەم بوارەدا زیانیان بەرکەوتووە. شەڕ لەگەڵ (پ. ک. ک) لە کارنامەی ئێمەدایە. بەڵام دیارە ئێمە هەمیشە کوردمان لە تیرۆریستان جیاکردووەتەوە و پشتیوانییان لێ دەکەین.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بارەی ھەڵوێستی دەوڵەتەکەی بەرانمبەر بە قەیرانی سووریاش وتی: ئەوبەرایەتیمان پاراستنی یەکپارچەیی سوریایە،دەبێ هەنگاوی بنەڕەتی بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتیی بەردەوام لە سوریا بنێین. لە داهاتوودا دانوستانەکانی نێوان تورکیا، سوریا و ڕووسیاش بەڕێوەدەچن و ئێمە هەمیشە لەم بارەیەوە ئێرانمان ئاگادار کردووەتەوە.

جەختی لەوەش کردەوە: لە ڕوانگەی تورکیاوە، ئێران ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە سوریا و ناوچەکەدا، بەم پێیە واھەڵدەگرێ میکانیزمی سێ قۆڵیی ئێران و عێراق و تورکیا کارا بکەینەوە.

چاوشئۆغڵو ئەوەش پێ زیادی کرد کە: کێشەکانی عێراق و ئێران و سوریا کێشەی ئێمەشە و پێویست بە دەستێوەردانی وڵاتانی دیکە ناکات.

جێگای ئاماژەیە «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی سێشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سیاسی بەمەبەستی دیدار و وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی  ئەم وڵاتەی کرد.

سەرپەیڤ