کانونی دوھەم 18, 2023 09:57 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان: پەیوەندییەکانی تاران و ئەنقەرە گرنگ و ھەڵکەوتەیە

سەرۆک کۆماری تورکیا له دیدارەکەی له گەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندییەکانی تاران و ئەنقەرەی به گرنگ و ھەڵکەوتە نرخاند.

«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێکی سیاسی بەمەبەستی دیدار و وتووێژی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا سەردانی ئەنقەرە پایتەختی ئەم وڵاتەی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان»، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە دیدارێکدا لەگەڵ «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان»،وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەگرنگیی ڕۆڵی تاران لە دانوستانەکانی پڕۆسەی ئاستانە کرد و جەختی لەوەش کردەوە کە بە دڵنیاییەوە ئێران دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر یارمەتیی ڕوانگە نوێیەکان بدات.

سەرۆک کۆماری تورکیا هەروەها وێڕای ئامادەیی ڕاگەیاندن بۆ باشترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ ئێران،هیواداریی دەربڕی کە لە داهاتوویەکی نزیکدا میوانداریی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بکات.

لەم دیدارەدا «ئەمیرعەبدوڵڵاهیان»یش ئامادەیی تارانی بۆ هەوڵدان لەمەڕ گەییشتن بە ئاستی جێی سەرنجی بازرگانیی نێوان ئێران و تورکیا ڕاگەیاند.

وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین  لەبەر دەستپێکرانی پرۆسەی هاوکاریی نێوان تورکیا و سوریا، هیوای ئەوەی دەربڕی کە ئەم پرۆسەیە ببێتە هۆی ئاشتی و سەقامگیریی نێوان هەردووک وڵات.

هەرلەدیدارەکەدا«ئەردۆغان» و «ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» جەختیان لە گرنگایەتیی بەڕێوەچوونی هەشتەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی باڵای پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا، کۆبوونەوەی 3+3 ی پەیوەست بە پرسەکانی قەفقاز، دانیشتنی ئێران-عێراق-تورکیاو ھەروەھا کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی ئێران -تورکیاو- ئازەربایجان کردەوە.

جێگای ئاماژەشە وەزیری دەرەوەی ئێران دوای دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ئەنقەرەی بەرەو تاران بەجێ هێشت.

 

سەرپەیڤ