شوبات 09, 2023 22:51 Asia/Tehran
  • ئەردوغان: بەداخەوە تا ئێستا ١٦ هەزار و ١٧٠هاووڵاتیمان گیانیان لەدەست داوە

«ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا لە نێو ئاپۆڕەی بەرپرسان و جەماوەری ناوچەی «عەنتاب» ئاماژەی بۆ دوایین ڕێژەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا کردو وتی: بەداخەوە ھەتا ئێستا پتر لە ١٦ هەزار هاووڵاتیمان گیانیان لەدەست داوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی ئانادۆلۆ، «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا  لە میانی بەسەرکردنەوەی پارێزگای «عەنتاب» لە پاش وەرگرتنی زانیاریی پێویست لە بارەی ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەی تورکیا وتی: بەپێی دوایین زانیارییەکان لە ئاکامی بوومەلەرزەکەدا ھەتا ئێستا ١٦ هەزار و ١٧٠هاووڵاتیمان گیانیان لەدەست داوە.

«ئەردۆغان» بە چڕبوونەوە لە سەر ئەوەی کە لە دوای بوومەلەرزەکەوە وەک دەوڵەت بەتەواوی دامودەزگاکانمانەوە لە مەیداندان، وتیشی: لەلایەک کۆنتەینەری ناوخۆییمان هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە کۆنتەینەرمان هەیە کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتوون، هەموویان بەسەر ١٠ پارێزگا زیانلێکەوتووەکەدا دابەش دەکەین.

سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد کە کەسانێک هەن پرۆسەکە دەگۆڕن بۆ سوودوەرگرتنی سیاسی و وتیشی: هاووڵاتییانم و گەلەکەم هەرگیز رێگە بەم جۆرە کارە نادەن.

«رەجەب تەیب ئەردوغان» لەبارەی پڕۆژەیاسای راگەیەندنی باری نائاسایی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانیش وتی: دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای راگەیاندنی باری نائاسایی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان، لەلایەن پەرلەمانەوە، لەمڕۆوە پڕۆژەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. لە ماوەی راگەیاندنی باری نائاساییدا دەوڵەت دەسەڵاتی گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی هەیە لەگەڵ ئەو قۆرخکارانەی کە رەوشی ئێستای تورکیا قۆرخ دەکەن بۆ ئەنجامدانی گەندەڵیی بازرگانیی.

سەرپەیڤ