شوبات 13, 2023 12:00 Asia/Tehran
  • ٢٩ هەزار و ٦٠٥ کەس؛ دوایین ئاماری قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا

بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی فریاکەوتنی تورکیا (ئافاد) لە نوێترین بەیاننامەی خۆیدا ڕایگەیاند: ژمارەی گیان لەدەست داوانی بوومەلەرزەکەی ئەم وڵاتە گەیشتووەتە 29 هەزار و 605 کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە، لە ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی فریاکەوتنی تورکیا (ئافاد)دا ئاماژە بەوەش کراوە، لە یەکەم ڕۆژی بوومەلەرزەکەوە (دووشەممە) تا ئێستا دوو هەزار و ٤١٢ پاشەلەرزە لەم وڵاتە تۆمارکراوە،هەروەها ١٤٧ هەزار و ٩٣٤ کەسیش ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانیان چۆڵ کردووە.

پێشتر «فۆئاد ئۆکتای» جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا، زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ئەم وڵاتەی بۆ 24 هەزار و 617 کەس ڕاگەیاند و لە هەمان کاتیشدا ئاماژەی بەوەشکرد، ھەڵمەتی گەڕان و فریاکەوتن تا دوا سات بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی تەندروستیی تورکیا پێشتر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی ئەم بوومەلەرزەیە ٨٠ هەزار و ٢٧٨ کەس بریندار بوون.

هاوکات و بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، لە کاتی بوومەلەرزەکەی سەرلەبەیانیی دووشەممەی ڕابردوودا بە گوڕی ٧.٨ و ٧.٧ پلە، زیانێکی زۆر بەر بیناکان کەوتووە لە ناوچە بەرفراوانەکانی تورکیا و سوریا، تیمەکانی فریاگوزاریش سەرقاڵی ھەڵدانەوەی کەلاوەکان و ڕزگارکردنی ئەو کەسانەن کە لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرمای زۆر ئازاری ملیۆنان کەسی ئاتاجی  یارمەتی و فریاکەوتنی لە تورکیا و سوریا زیاتر کردووە.

هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە کە لانیکەم ٨٧٠ هەزار کەس لە سەرانسەری تورکیا و سوریا پێویستیان بە خۆراکی گەرم و کەرەستەی پاکوخاوێنی و شوێنی حەوانەوە هەیە.

 

سەرپەیڤ