شوبات 15, 2023 03:04 Asia/Tehran
  • ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا بۆ ٣٥ هەزار و ٤١٨ کەس بەرزبووەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا ھەڵکشانی ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووی ئەم وڵاتە بۆ 35 هەزار و 418 کەسی ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» ڕۆژی سێشەممە دوای کۆبوونەوەی کابینەی تورکیا لە ئەنقەرە ڕایگەیاند: لە ڕۆژی نۆیەمی بوومەلەرزە ترسناکەکەی تورکیا کە بە «کارەساتی سەدە» ناودەبردرێت، بەپێی خەمڵاندنە یەکەمەکان لە دە پارێزگای بوومەلەرزە بەرکەوتووی تورکیا ٢١١ هەزار ماڵ ڕووخاون و ٤٧ ھەزار باڵاخانە ھەڕۆژاون و یان زیانێکی قورسیان بەر کەوتووە.

ناوبراو وێڕای داننان بە بوونی هەندێک کەم و کوڕی لە کۆنترۆڵ کردنی قەیرانی بوومەلەرزەکە، وتیشی: لە هەموو ئەو وڵاتانەی جیهان کە کارەساتێکی وەها گەورەیان تێدا ڕوودەدات، هەندێک پشێوی بەدی دەکرێت، لە تورکیاش هەندێک ناتەواوی هەبووە،بەڵام هەموو سەرپەرشتیارانی کاروباری نێوخۆ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەوڵیان داوە بە زووترین کات، بگەنە ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو و فریاگوزاری پێشکەش بکەن.

سەرۆک کۆماری تورکیا بەڵێنی دا کە لە هەر شوێنێک هەڵسەنگاندنی زیانەکان تەواو بوو، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست بە دروستکردنی خانوو بکرێت، لە قۆناغی یەکەمیشدا بە خێرایی دەست بە دروستکردنی ٣٠ هەزار خانوو دەکرێت و لە ماوەی ساڵێکدا ماڵەکان بە کوالیتییەکی باڵاو ھێمنایەتییەکی گونجاو ڕادەستی لانەوازان و لێقەوماوانی دەستی بوومەلەرزەکە دەکرێت.

سەرۆک کۆماری تورکیا داواشی لە هاوڵاتیانی ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو کرد کە بۆ ماوەی ساڵێک دان بەخۆیاندا بگرن ھەتا هەموو زیانەکان قەرەبوو دەکرێنەوە.

سەرپەیڤ