شوبات 20, 2023 15:00 Asia/Tehran
  • ھەڵکشانی ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا بۆ زیاتر لە ٤١ هەزار کەس

بەڕێوەبەرایەتیی کارەساتەکانی تورکیا شەوی دووشەممە ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا گەیشتووەتە ٤١ هەزار و ٢٠٠ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، دەستەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی تورکیا (ئافاد) ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند: ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی باشووری ئەم وڵاتە ٤٠ هەزار و ٦٤٠ کەس بووە.

بە پێی ڕاگەیاندنی «ئافاد»، بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە سێبەری خستووەتە سەر ژیانی ١٣ ملیۆن کەس لەم وڵاتەدا.

بوومەلەرزەیەکی گەورە بە گوڕی ٧.٨ و ٧.٦ ڕۆژی دووشەممەی شەشەمی فڤریە ناوچەکانی باشووری تورکیا و باکوری سوریای گرتەوە.

لە ئەنجامی ئەم بوومەلەرزەیە زۆرێک لە باڵاخانەکان زیانیان بەرکەوت و تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری سەرقاڵی لابردنی خڕبەو داروپەردووەکان و ڕزگارکردنی ئەو کەسانەن کە لەژێر کەلاوەکاندا گیریان خواردووە.

زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لە پەیامگەلی جۆربەجۆردا هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆیانیان بۆ حکومەت و گەلانی تورکیا و سوریا دەربڕیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە ئێستادا نزیکەی پێنج هەزار و ٧٥٣ کەسی بیانی لە ٦٧ وڵاتەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردن لەم وڵاتەدا خەریکی چالاکی نواندنن.

سەرپەیڤ