باڵوێزی تورکیا لە تاران: بایکۆتەکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ناڕەوایە
«حیجابی کرلانقیچ»، باڵوێزی نوێی تورکیا لە تاران، بایکۆتەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە نادادپەروەرانە زانی و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆچوونی خۆیان لەبارەی بایکۆت و سزاکانی سەر ئەم وڵاتە بگۆڕن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، «حیجابی کرلانقیچ» وتیشی: ئەو سزا دڕندانەیەی کە بۆ گوشار خستنە سەر ئێران خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەڕەشەش لە ئێمە دەکەن و ڕێگەمان پێنادەن بە ئاسانی بازرگانی بکەین.
«کرلانقیچ» هیوای خواست لە داھاتوودا ئاستەنگەکانی ئێستا لە بەردەم پەرەپێدانی ئاڵووێرە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و تورکیا لاببرێن.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: ئەمڕۆ ئێران و تورکیا دوو وڵاتی گرنگ و کاریگەرن لە ناوچەکە و جیهاندا و بە تایبەت لە ناوچەکەدا قسەی زۆریان بۆ وتن پێیە.
«کرلانقیچ» وتووشیەتی:ئێران و تورکیا هەمیشە هەنگاوی ئەرێنییان بۆ ئاشتی و بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە ھەڵگرتووەو هیوادارە لە داهاتووش دا ئەو هەنگاوانە بەردەوام بکرێن.
ناوبراو کە لە بواری زمان و ئەدەبی فارسی خوێندوویەتی، بە دەربڕینی ئەمەی کە بەکارهێنانی هاوبەشییە کولتوری و ئەدەبییەکان وەک میراتێکی دەوڵەمەند بۆ باشترکردنی داهاتووی هاوبەشی ئێران و تورکیاو وڵاتانی دراوسێ سوودی دەبێت، وتیشی: زمانی فەرهەنگ و ئەدەب لە زمانی سیاسەت ھەرماوترەو دەبێ ئەم زمانە بۆ بەهێزترکردنی دۆستایەتی بەکاربھێندرێت.
«کرلانقیچ» وتیشی: بە درێژایی مێژوو ھێندێک کێشەو گرفتیش لە نێوان هەردووک وڵاتدا هەبووە، بەڵام بە دیالۆگ و نیازپاکیی دوو وڵات بە خێرایی چارەسەر کراوەو کاربەدەستانی ئێران و تورکیا هەمیشە پێکەوە لە پەیوەندیدا بوونەو کێشەکانیان چارەسەر کردووە.