سووتێنرانی ئاواییە موسڵمان نشینەکانی رۆهینگیای میانمار
هاوکات لەگەڵ هێرشی سەربازان و بوداییانی توندڕەو بۆسەر پارێزگای راخین و سووتاندنی ئاواییە موسڵمان نشینەکانی میانمار، هەڵاتنی ئاوارەکان بەرەو ناوچە سنوورییەکانی بەنگلادش بەردەوامە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فەرانسە، شایەتحاڵان رۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند، سێ ئاوایی لە یەکێک لە ناوچە دوورەکانی ویلایەتی راخین لەڕۆژاوای میانمار هاوکات لەگەڵ هێرشی سەرکوتکارانەی سەربازانی ئەو وڵاتە لەدژ موسڵمانانی رۆهینگیا، سووتێندراون.
توندوتیژیی لەدژ موسڵمانانی میانمار کە لە حەوتەی ڕابردووەوە تاوی سەندووە، تائێستا گیانی لانیکەم ١١٠ کەسی گرتووەو هەزاران کەس لە دانیشتووانی ناوچە لەترسی گیانیان، ماڵ وحاڵی خۆیان جێهێشت.
ئاوارەکانی رۆهینگیا لەهێڵی سفری سنووری لەگەڵ بەنگلادش کۆبوونەوەو جێهێشتنی ماڵ و حاڵی گوندنشینان لە ئەیالەتی راخین هەروا بەردەوامە.
بەقسەی یەکێک لە گوندنشینان لەنزیک شاری مایۆنگتاو، گوندنشینانی رۆهینگیا هاوکات لەگەڵ پێشڕەویی سەربازانی میانمار بەرەو ئاواییەکان و سووتاندنی ماڵەکانیان، بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆیان خەریکی جێهێشتنی ناوچەن.
ڕێکخراوی جیهانیی کۆچبەریی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، نزیک بە١٨هەزار موسڵمانی ڕۆهینگیایی حەوتەی ڕابردوو دوابەدوای توندترین توندوتیژی وگرژییەکانی پێنج ساڵی رابردوو، بەتێپەڕین لە سنووری میانمار، گەیشتوونەتە بەنگلادش. بەڵام بەپێش گرتنی گاردی سنووریی بەنگلادش بەچوونی ئاوارەکان بۆ ئەو وڵاتە، واچاوەڕوانی دەکرێ، ژماری کەسانێک کە لەناوچەی سنووری گرفتار بوون، لەگەڵ ئەوانەی کە لەناوچە جەنگەڵیی و کوێستانییەکان خۆیان شاردۆتەوە، بگاتە دە هەزار کەس.
میانمار، موسڵمانانی رۆهینگیایی بە کۆچبەری نایاسایی لەقەڵەم دەداو هیچ مافێکی شارومەندی بۆ ئەوان لەبەرچاو ناگرێ.