داوای یارمەتی دەسبەجێ و خێرای ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ میانمار
هەواڵدەریی ئیسنا نووسی: بەهاتنی شەپۆلی بەرفراوان و بەردەوامی موسڵمانانی رۆهینگیایی بۆ باشووری بەنگلادش کە ژمارەیان گەیشتووەتە نزیک٣٠٠هەزار کەس، ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ ڕاگەیشتن بەو دۆخە قەیرانییە، داوای یارمەتی کردووە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ڕۆیتەرز، ڕێکخراوی نەتەوەکان پێی داگرت؛ هیچ هێمایەک لەمەڕ کۆتایی هاتنی ئێش و مەینەت کێشانی کۆچبەرانی برسی و ترساو نایەتە بەرچاو و ئاژانس و ناوەندەکانی فریاکەوتن لەناوچەی کوکس بازاڕ هەڵکەوتوو لە باشووری بەنگلادش ، سەرقاڵی ڕاگەیستن بە ڕەوشی سەدان هەزار ئاوارەیەکن کە ئاکامی خولەکانی ڕابردووی توندوتیژیی لە ویلایەتی راخینی میانمارە.
رابرت واتکینز، ڕێکخەری دانیشتووی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە بەنگلادش وتی: ناوەندەکانی فریاگوزاری لە کوکس بازاڕ پێویستیان بە دەسڕاگەیشتنی خێرا بە سەرچاوەکان هەیە هەتا بتوانن لەوان کەلک وەربگرن بۆ یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی لێقەوما کە ناچار بوون ماڵەکانیان جێ بێڵن و بەدەستی بەتاڵەوە بێنە بەنگلادش.
رابرت واتکینز لەبەیاننامەیەکدا پێی داگرت: ناوەندەکانی فریاکەوتن پێویستیان بە٧٧ ملوێن دۆلار هەیە بۆ ڕاگەیشتن بەو دۆخە نائاساییە.
لەلایەکی دیکەوە، "سوپای ڕزگاریی ئاراکانی رۆهینگیا" لەمڕۆ یەکشەممەوە ئاگربڕی کاتی و یەک لایەنەی بەمەبەستی ئاسانکاریی لەمەڕ فریاگوزارییەوە ڕاگەیاندووە. ئەوان هەروەها داوایان لە سوپای میانمار کرد، چەکەکانیان دانێن.