داخوازی یاسادانەرانی ئەورووپی بۆ وەستانی تاوانکارییەکانی دژی موسوڵمانانی میانمار
تاقمێک لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئەورووپا لە بەیاننامەیەک دا داوایان لە سوپا و دەوڵەتی میانمار کرد توندوتیژییەکان بە دژی کەمینەی موسوڵمانی روهینگیا لەم وڵاتە بوەستێنن.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشێتێدپرێس ، لە بەیاننامەی تاقمێک لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئەورووپا کە ڕۆژی پێنج شەممە بڵاو کرایەوە ، داوا لە دەوڵەتی میانمار کراوە هەرچی خێراتر کوشت و بڕ و ئاگرتێبەردانی ماڵەکان و ئازار و دەستدرێژی و بێ ڕێزی کردن بە موسوڵمانانی ڕوهێنگیا کۆتایی پێ بێنن .
ئەم یاسادانەرە ئەورووپیانە هەروەها داوای دەستەبەر کرانی گەیشتنی تاقمەکانی فریاگوزار بۆ شوێنەکانی تێکهەڵچوون و شوێنی مانەوەی ئاوارە هەڵاتووەکانیان کرد.
یاسادانەرانی ئەورووپی داوایان لە ئانگ سان سوچی وەزیری دەرەوەی میانمار کرد بەرەنگاری هۆکارانی هەڵاواردن و توندوتیژی بە دژی موسوڵمانان ببنەوە.
لەم بەیاننامەیە ڕاگەیەندراوە ئانگ سان سوچی ساڵی 1990 خەڵاتی ساخارۆفی پەرلەمانی ئەورووپای بردوەتەوەو ئەمەش خەڵاتێکە کە لەبەر بەرگری لەمافی مرۆڤ و مافی کەمینەکان و ڕەچاو کردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەدرێت.
کوشتنی بێ بەزەییانەی موسوڵمانانی روهینگیا لەلایەن هێزی دەوڵەتی، سوپا و بودائییەکانی توندڕەوی میانمار، کاردانەوەی بەربڵاوی کۆمەڵگە جۆربەجۆرەکانی جیهانی بە دواوە هەبووە .
بەپێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی نەتەوەکان، لە بیست و پێنجەمی ئووتی ساڵی 2017 کە توندوتیژی بە دژی موسوڵمانانی روهینگیا پەرەی سەندووە، نیزیکەی چوارسەد هەزار کەس لە ترسی گیانیان هەڵاتوون بۆ بەنگلادش ، زۆرتر لە شەش هەزار کەس کوژراون و هەشت هەزار کەسیش بریندار بوونە.