کاردانەوەی ھیند بە داخوازیی ئەمریکا لە مەڕ ڕاگرتنی ھاوردەی نەوت لە ئێرانەوە
وەزیری نەوتی ھیند لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە داخوازیی کاربەدەستانی ئەمریکا لە مەڕ ڕاگرتنی ھاوردەی نەوت لە ئێرانەوە، وتی: نیودلھی لەمەڕ پرسی ھاوردەکردنی نەوت لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی خۆی بڕیار دەدات.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، دارمندرا پرادھان Dharmendra Pradhan وەزیری نەوتی ھیند ڕایگەیاند: نیودلھی لەمەڕ پرسی ھاوردەکردنی نەوت لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی خۆی بڕیار دەدات نەک پاڵەپەستۆو تۆقاندن.
ئەمریکا بەرلەمە لە تەواوی وڵاتان لەوانە ھیندو چین داوای کرد بوو ھەتا ھاوردەی نەوت لە ئێرانەوە ھەتا ڕۆژی چوارەمی نوامبەر ڕابگرن.
سوشما سواراج Sushma Swaraj وەزیری کاروباری دەرەوەی ھیند ماوەیەک لەمەوپێش وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە نیودلھی نەیاری بایکۆتی یەک لایەنەی ئەمریکا دژی ئێرانە، وتبووی: ھیند لە سەر ھاوکارییە بەرفراوانەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام دەبێت و وەک کڕیارێکی نەوتی ئەم وڵاتە دەمێنێتەوە.
ھاوردە کرانی نەوتی ئێران لە لایەن ھیندەوە سەرباری باکۆتە نوێکانی ئەمریکا، لە مانگی مایەوە نزیکەی حەوتسەد ھەزار بەرمیل لە ڕۆژدا زیادی کردووە کە ئەمەش باڵاتزرین ڕادەیە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٦ەوە ھەتاکو ئێستا.
ئێران سێھەمین وڵاتی گەورەی بنێری نەوت بۆ ھیندە و سەدی دوانزەی ھاوردەی تکێڕای نەوتی ھیند لە ئێرانەوە ئەنجام دەگرێت.