May 05, 2019 12:05 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی یەکێتی و ترۆییکای ئەورووپایی بە دوژمنایەتیی ئەتۆمیی نوێی ئەمریکا دژ بە ئێران

ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمان، بەریتانیا و فەرەنسا لە بەیاننامەیەکی هاوبەش مەخابن و نیگەرانییان دەربڕی بەرامبەر بە نوێ نەکرانەوەی ماوەی مەعافییەتی ئەتۆمی هاوپێوەند بە ئێران لە لایەن ئەمریکاوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ فدریکا موگرینی ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا هاوڕێ لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمان، بەریتانیا و فەرەنسا رۆژی شەممە بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش سەبارەت بە بڕیاری ئەمریکا لە سەر نوێ نەکردنەوەی ماوەی مەعافییەتی ئەتۆمیی ئێران جەختیان کرد لە سەر ئەوەی کە هەڵگرتنی بایکۆتە ئەتۆمییەکان بەشێکی سەرەکیی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی دێتە ئەژمار.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران هەروا کە لە ١٤ ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا پشت راست کراوەتەوە، بە دەسکەوت بووە و ئامانجەکانی هاتۆتە دی.

لەو بەیاننامەیەدا هەروەها هاتووە: ئێمەیش پێبەندیی بەردەوامیی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پشت راست دەکەینەوە، هەر بەو لەونەی کە بەردەوام ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پشت راستی کردۆتەوە .

یەکێتی و ترۆییکای ئەورووپایی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جەختیان کردووە کە هاوڕێ لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپاییەکانی دیکەیان لێبڕاوانە بەدواداچوون دەکەن بۆ جێبەجێ کرانی مێکانیزمی دراویی "ئینستێکس" بۆ بەردەوام بوونی بازرگانیی یاسایی لەگەڵ ئێران.

دەوڵەتی ئەمریکا شەوی شەممە بە پێچەوانەی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان لەوان پەیمانی قەدەغەی پەرەی ئەتۆمی، بەشێکی تازە لە چالاکیی ئەتۆمیی ئاشتیانەی ئێرانی بایکۆت کرد و مەعافییەتی لایەنەکانی هاوکاری ئێران لەو بوارەدا هەڵوەشاندەوە.

سەرپەیڤ