هیواداریی یەکێتی ئەرووپا بۆ مانەوەی ئێران لە چوارچێوەی بەرجام دا
ڕۆژێک دوای ھەنگاوەکەی ئێران لەمەڕ هەڵپەسێاردنی بەشێک لە ئەرکەکانی لە بەرجام، یەکێتی ئەورووپا هیواداری دەربڕی تاران لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنە دا بمێنێتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەری فەرەنسا، فێدریکا مۆگرینی" بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەورووپا و وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەک دا ڕایانگەیاند کە هەرچەشنە ئۆلتیماتۆم لە بارەی بەرجام ڕەتدەکەنەوە و بە نیگەرانی بەیاننامەی ئێران لەبارەی کەمکردنەوەی ئەرکەکانی لەم ڕێککەوتننە، دەخەنە بەر تێبینی و لێکی دەدەنەوە.
"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ٨ـی مای لەیەکەم ساڵگەڕی کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام و بە ئاماژە بە کەمتەرخەمیی ئەورووپا لەمەر قەربووی تێچووەکانی ئەم کشانەوەیە ڕایگەیاند، ئێران لە چوار چێوەی بەرجام دوو ئەرکی خۆی ڕادەگرێت تا ئەورووپاییەکان کەمتەرخەمی خۆیان لەماوەی ٦٠ رۆژ قەرەبوو بکەنەوە.
"عەبباس عەراقچی" جێگری سیاسی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش گوتی: کۆماری ئیسلامی ئێران تا بە ئێستا لەبەرجام نەکشاوەتەوە بەڵام کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخ لەم ڕێککەوتنە لە دەستووری کارمان دایە.
هەر لەم حاڵەدا، کەناڵی دەنگ وباسی دۆیچەوۆلەی ئەڵمانیا ڕۆژی پێنجشەممە بە گێرانەوە لە کاربەدەستێکی پایەبەرزی یەکێتی ئەورووپا ڕاپۆرتی دا کە ئەورووپا کەمکردنەوەی ئەرکە بەرجامیەکانی ئێران وەکوو پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتننە یان کشانەوە یەکجاری نازانێت.
یەکێتی ئەورووپا لەبەیاننامەی ئەمرۆی دا وێڕای ڕاگەیاندنی پشتگریی لەبەرجام و دەربڕینی پەژارەی لەگەڕانەوەی بایکۆتەکانی دژە ئێرانیی ئەمریکا دوابە دوای کشانەوەی لەم رێککەوتنە گوتیشی کە هیوادارە تاران درێژە بدات بە ڕێگا و چوارچێوەکانی بەرجام بریتی لە" کۆمیسیۆنی هاوبەش" .