ئەورووپا: شارۆچکەسازی لە سەرزەوییە داگیرکراوەکان نایاساییە
وتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا وێڕای پێداگرتن لە سەر نایاسایی بوونی شارۆچکەسازیی زایونییەکان لە زەوی و زاری خۆکەسیی فەلەستینییەکان، لە بارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەی « شێخ جەڕڕاح» نیگەرانیی دەربڕی.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، «پیتێر ئێستانۆ» سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنج شەممە لە بەیاننامەیەک دا شارۆچکەسازیی ڕژێمی زایونی لە زەوی و زاری داگیرکراوی فەلەستینییەکان و تێکدانی ماڵ و نشینگەکانیانی ئیدانەکرد.
«ئێستانۆ» وێڕای ئاماژە کردن بە ھێرشی لەشکریانی داگیرکەری زایونی بۆ سەر گوندی «شێخ جەڕڕاح» و دەرپەڕاندنی فەلەستینییەکان لە ماڵەکانیان، وتیشی: پەرەسەندنی تێکدرانی ماڵەکان لە سەرزەوییە داگیرکراوەکان و ئاڵ و گۆڕەکانی ناوچەی «شێخ جەڕڕاح» جێگای نیگەرانییە.
لەکۆتایی بەیاننامەکەدا داوا لە کاربەدەستانی ئیسرائیلی کراوە کە کۆتایی بە ھەنگاوە نایاساییەکانیان بھێنن.
بەرلەمەش «ئانتۆنیۆ گۆتریش» سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ڕژێمی زایونی کرد بوو کە شارۆچکەسازی لە سەرزەوییە داگیرکراوەکان کۆتایی پێ بھێنێت.