ئاب 18, 2021 00:28 Asia/Tehran
  • پرێس کۆنفرانسی وتەبێژی تالیبان له کابۆل

«زەبیحوڵڵا موجاھید» وتەبێژی تاقمی تالیبان لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە کابۆلی پێتەختی ئەفغانستان، بەردەوام کرانی بەرخۆدانی دژی داگیرکەرانی بیانیی بە ھۆکاری سەرکەوتن زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە، «زەبیحوڵڵا موجاھید» وتەبێژی تاقمی تالیبان ڕۆژی سێ شەممە لە یەکەم پرێس کۆنفرانسی خۆی دا لە کابۆل وتی: ئەفغانستان دوای ساڵانێکی دوورودرێژ بەرخۆدان، توانی داگیرکەران لە وڵات دەرپەڕێنێ.

وتەبێژی تاقمی تالیبان جەختی لەوەش کردەوە، تالیبان خوازیاری پێکھاتنی حکومەتێکی ئیسلامیی بەرفراونە لە ئەفغانستانداو لەم ئاراستەیەدا بەردەوام کردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکەش بۆمان ئەوبەرە.

«زەبیحوڵڵا موجاھید» ئەم سەرکەوتنەی لە گەلی ئەفغانستان پیرۆز کردو وتیشی: تەواوی جەماوەری ئەفغانستان لەم سەرکەوتنەدا کە بە ڕزگار کردنی وڵات لە ژێر پۆستاڵی داگیرکەران مسۆگەر کراوە، بەشدارن.

وتەبێژی تاقمی تالیبان، ئازادی و سەربەخۆیی بە مافی ڕەوای جەماوەری ئەفغانستان زانی و پێی داگرت: تالیبان ڕقی کەسی لە دڵدا نییەو حەز بە ھیچ دوژمنایەتییەکی نێوخۆیی و یان دەرەکی ناکات.

ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە تاقمی تالیبان بە نیازی تۆڵەسەندنەوە لەکەس نییە، کۆتایی ھاتنی دوژمنایەتی لەگەڵ تەواوی ئەو کەسانەشی کە دژی تالیبان وەستا بوون، ڕاگەیاند.

وتەبێژی تاقمی تالیبان وتیشی: لێبوردنی گشتیمان بۆ تەواوی ئەوانەی کە بەرنگارمان ببوونەوە دەرکردووەو ئێمە خوازیاری بەردەوام کردنی شەڕ نین، بەڵکو بۆ نەھێشتنی بەستێن و ھۆکارەکانی ھەوڵ دەدەین.

«زەبیحوڵڵا موجاھید» وتەبێژی تاقمی تالیبان ھەروەھا وێڕای پێداگرتن لەسەر دابین کردنی ئاسایشتی کابۆلی پێتەختی ئەفغانستان و گردوپەڕی ئەم شارە بە باڵوێزخانەو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانیەوە، جەختی کرد، ھیچ کەسێکی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی توشی زیان نەبێت.

وتەبێژی تاقمی تالیبان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا وتی: تالیبان بەڵێنمەندی ڕەچاو کردنی مافی ئافرەتانە لە چوارچێوەی شەرعی ئیسلام دا، چونکو لەو باوەڕەدایە کە ئافرەتان ڕۆڵێکی کارایان لە بنیاتنانەوەی ئەفغانستاندا ھەیە.

«زەبیحوڵڵا موجاھید» وتیشی: تالیبان ڕێگا بە ھیچ میدیایەک لە ئەفغانستاندا نادات کە بایەخەکانی ئەم وڵاتە یان فێرکارییەکانی ئیسلام پێشێل کات، بەڵام ھاوکات میدیاکانیش دەبێ بێ لایەن بن و میدیا تایبەتییەکان بۆیان ھەیە ئازادو سەربەخۆ لە سەر چالاکییەکانیان بەردەوام بن.

وتەبێژی تاقمی تالیبان ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە لێبوردنە گشتییەکەی تاقمەکەیان ، جەختی کرد لە سەر بنیاتنانەوەی ئەفغانستان و وتیشی: جەماوەری ئەم وڵاتە لە داھاتوودا گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە ژیانی خۆیاندا ھەست پێ دەکەن.

«زەبیحوڵڵا موجاھید» وتەبێژی تاقمی تالیبان جەختی کرد: تالیبان تەواوی دنیا دڵنیا دەکاتەوە کە ئەفغانستان ئیدی ناوەندی وەبەرھاتنی ھیچ جۆرە ماددەیەکی ھۆشبەر نابێت. تالیبان فەرمانگەکانی ئیش و کارو پرۆگرامی ئەفغانستان ئامادە دەکات و دواتر لە بارەی شوناس و ناوەڕۆکی ئاڵای ئەم وڵاتەش بڕیار دەدرێت.

«زەبیحوڵڵا موجاھید» وتەبێژی تاقمی تالیبان ھەر لەم کاتەدا جەختی لەوەش کردەوە کە، بە ھیچ کەس و یان لایەنێک ماوەی ئەوە نادەین کە خاکی ئەفغانستان بۆ پەلاماردانی وڵاتانی دیکە بەکار بێنێ.

سەرپەیڤ