تشرینی دووه‌م 20, 2021 16:16 Asia/Tehran
  • بەهۆی تەقەی پۆلیسی هۆڵنداوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر برینداربوون

لە شاری رۆتەردامی هۆڵندا خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی داخستنی بەشێک لە شوێنە گشتییەکان بەهۆی کۆرۆناوە بەڕێوەچوو، پۆلیسی هۆڵندا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران تەقەی کرد و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی برینداربون.

بەپێی تۆڕی هەواڵی سکای نیوز، پۆلیسی هۆڵندا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی شاری  رۆتەردام تەقەی بە ئاسماندا کردوە و هەروەها ئاوی بەکارهێناوە، دوای ئەوەی خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەکانی شارەکە ئاگریان کردوەتەوە.

پۆلیسی رۆتەردام لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە شەوی رابردو خۆپیشاندانێک لەناوچەی کۆلسینیال رویداوە بووە هۆی دروستبونی ئاژاوەوە و ئاگر لە چەندین شوێن کراوەتەوە، پۆلیس ناچاربوە تەقەی ئاگادارکردنەوە بکات.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، "بەهۆی تەقەی پۆلیسەوە ژمارەیەک هاوڵاتی برینداربوون" هاوکات وێستگەی سەرەکی شەمەندۆفێر لە رۆتەردام لە ئەنجامی دروستبونی ئاژاوە داخراوە.

هەفتەی رابردوو، مارک رۆتە، سەرۆک وەزیرانی هۆڵندا، دوبارە سەپاندنی زنجیرەیەک رێکاری خۆپارێزی لە کۆرۆنای راگەیاند و جارێکی دیکە بڕیاری داخستنی رێستۆرانت و شوێنە گشتییەکانی دیکەی لە وڵاتەکەدا دەرکرد، دوای ئەوەی ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا بەرزبوەوە

سەرپەیڤ