کانونی دوھەم 25, 2022 21:17 Asia/Tehran
  • داخوازیی سەرۆک کۆماری ئازەربایجان بۆ ئامادە بوونی چالاکانەی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە گەڵاڵەکانی بنیاتنانەوەی ئەم وڵاتە

سەرۆک کۆماری ئازەربایجان داوای ئامادە بوونی چالاکانەی کۆمپانیاکانی ئێرانی کرد لە گەشاندنەوەو بنیاتنانەوەی ناوچە ڕزگارکراوەکانی ئەو وڵاتە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «ئیلھام عەلی ئۆف» سەرۆک کۆماری ئازەربایجان لە کۆبوونەوەی ھاوبەشی کاربەدەستانی ئێران و کۆماری ئازەربایجان لەگەڵ «ڕوستەم قاسمی» وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران، لە سەر پەرە پێ دانی ھاوکارییەکانی دوو وڵات لە بواری جۆربەجۆردا لەوانە پیشەسازی و تەکنۆلۆژیا پێی داگرت.

«عەلی ئۆف» وێڕای ئاماژە کردن بە دیدار لەگەڵ «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی شانگھای لە «عیشق داباد»ی پێتەختی تورکمەنستان وتی: ئەم دیدارە خاڵێکی وەرچەرخانە لە پەیوەندیی نێوان ھەردووک وڵاتە دۆست و براکەداو ئاسەوارەکەشی لە گەشەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات دیارو بەرچاوە.

وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێرانیش وێڕای ئاماژە کردن بە ئەوبەرایەتیی سیاسەتی ستراتژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرنجدانی دراوسێکان وتی: لاپەڕەیەکی تازە لە پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتی دۆست و برای ئێران و کۆماری ئازەربایجان ھەڵدراوەتەوە.

قاسمی بە دەربڕینی ئەمەی کە ئێران ئەزمونێکی باشی لە بنیاتنانەوەی وڵاتانی جۆربەجۆردا ھەیە و ئەم ھیاوکارییانە یارمەتیی گەشەو ئاسایشتی پاوەجێی ناوچەکە دەدات، ھیواداریی دەربڕی: بەو خواستە شێلگیرانەیەی کە لە نێوان ھەردووک وڵاتی ئێران و کۆماری ئازەربایجان ھەیە، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان زیاتر لە جاران پەرە بستێنێ.

«ڕوستەم قاسمی» وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران و سەرۆکی ئێرانیی لێژنەی ھاوبەشی ھاوکارییە وابوورییەکانی ئێران و کۆماری ئازەربایجان بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی باکوی پێتەختی کۆماری ئازەربایجانی کردووە.

 

سەرپەیڤ