ڕەییسی: پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ ڕووسیا لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی ستراتژی پێ و شوێن دەگرین
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە ئێران پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی ستراتژی دا پێ و شوێن دەگرێت، وتیشی: پەیوەندیی هەردووک وڵات لە گۆڕەپانی ئاڵووێری بازرگانی و هەروەها لە بواری وزە لە ئاستێکی باڵادا بەردەوامە، بەڵام بە سەرنجدانی ئەو بەستێنانەی هەردووک وڵات، ئەم پەیوەندییانە بارستایی زیاتریشی بۆ پەرە پێ دان هەیە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئایەتوڵڵا سەیید ئیبراهیم ڕەییسی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە دوایین بەشی بەرنامەی گەشتەکەی بۆ تورکمەنستان لە دیداری لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا، وتیشی: دوای گەشتەکەم بۆ ڕووسیا، گەشتی بەرامبەری زۆر لە لایەن کاربەدەستانی هەردووک لاوە بە مەبەستی پێ و شوێن گرتنی ڕێککەوتنەکانی دوو وڵات ئەنجامی گرتووەو ڕەوتی ڕاپەڕێندرانی ڕێککەوتنەکان خێرایەکی باش بە خۆیەوە دەبینێ.
سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها لە سەر پشتگریی هەردووک لا لە هێزمەند کرانی کریدڵری باکوور بۆ باشوور پێی داگرت و وتیشی: ئێران و ڕووسیا بارستایی باشیان بۆ هاوکاری لە بواری وزە لەوانە سوئاپ دا هەیە.
ئایەتوڵڵا ڕەییسی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە میکانیزمی پێویست بۆ هێزمەند کردنی پەیوەندیی بانکی و دراڤیی ئێران و ڕووسیا دەبێ بەردەوام پەرەی پێ بدرێت، وتیشی: ئاڵووێری دراڤیی دوو وڵات دەبێ لە چوارچێوەیەکی سەربەخۆ لە میکانیزمی ڕۆژئاوا پەرە بستێنێ بۆ ئەوەی هیچ وڵاتێک نەتوانێ کنەی تێ بکات و گوشاری بخاتە سەر.
سەرۆک کۆماری ڕووسیاش هەر لە دیدارەکەدا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لەوەی کە بەهۆی بەرپاکرانی شەشەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی قەراخی دەریای خەزەر هەلی دیداری دووبارە لەگەڵ ئایەتوڵڵا ڕەییسیی بۆ هەڵکەوتووە، وتیشی: لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییە بارستایی بازرگانی و پەیوەندیی ئابووریی نێوان دوو وڵات پەرەیەکی باشی سەندووە کە دیارە دەبێ بەردەوامیش بکرێت.
پوتین هەروەها پێشنیاری سەرۆک کۆماری ئێران لە بارەی پەرە پێ دانی هاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات لە بواری وزە بەتایبەت سوئاپ پێشوازیی کرد.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا داوای لە ئایەتوڵڵا ڕەییسی کرد کە سڵاوی گەرمی بە حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بگەیەنێت.