کانونی دوھەم 04, 2023 23:43 Asia/Tehran
  • تیاچوونی حەوت ئەندامی داعش لە کابول

هێزەکانی حکومەتی تالیبانی ئەفغانستان لە ئۆپەراسیۆنێکدا حەوت ئەندامی تاقمی تیرۆریستیی داعشیان کوشت.

شەڕی داعش و پێشگرتن بە کردەوەکانی داعش لە دژی ئەفغانستان و وڵاتانی دراوسێ لەو بەڵێنە سەرەکییانەی حکومەتی تاڵیبانە. لە دوای هاتنە سەرکاری تاڵیبان لە ئەفغانستان (١٥ی ئابی ٢٠٢١) تا ئەمڕۆ، ژمارەیەکی زۆر لە ئەفغانییەکان لە ھێرشە تیرۆریستییەکانی داعشدا کوژراون.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئاوا، «زەبیحوڵڵا موجاهید» وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی ئەم وڵاتە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە هێرشیان کردووەتە سەر "حەشارگەکانی" ئەندامانی داعش لە ناوچەکانی "شوهەدای ساڵحین" و "قەڵاچە" لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان و حەوت کەس لەئەندامانی ئەم گروپەیان کوشتووە.

لەم ئۆپراسیۆنەدا حەوت ئەندامی تاقمی تیرۆریستی داعشیش بریندار بوونە و چەند کەسێکیشیان دەستبەسەر کراون.

هەروەها لە ھەمان ڕۆژدا هێزە ئەمنییەکانی تاڵیبان دوو ئەندامی داعشیان لە پارێزگای نیمرۆزی ئەفغانستان دەستگیرکرد.

لە هەمان کاتدا میدیاکانی ئەفغانستان باسی ڕوودانی چەندین تەقینەوە و تەقەی تیرۆریستییان کردووە لە ناوچە جیاجیاکانی کابول دا. تا ئێستا هیچ هەواڵێک سەبارەت بە ئەگەری زیانی گیانیی ئەم تەقینەوە و تەقەکردنانە بڵاو نەبووەتەوە.

سەرپەیڤ