نیسان 17, 2023 20:24 Asia/Tehran
  • دژایەتی کوردانی دانیشتووی ژاپۆن لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای کۆچبەری

شارومەندانی کوردی دانیشتووی ژاپۆن ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە هەموارکردنەوەی یاساکانی کۆچبەری لە پەرلەمانی ژاپۆن.

بەپێی یاساکانی کۆچبەریی ژاپۆن، ناتوانرێت ئەو پەناخوازانە لە کاتی پێداچوونەوە بە داواکارییەکانی پەنابەریدا دیپۆرت بکرێنەوە. بەڵام ئەگەر هەموارکردنی یاساکانی کۆچبەران لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، ئەو کەسانەی بۆ جاری سێیەم یان زیاتر داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە، لە وڵات دیپۆرت دەکرێنەوە. ھەر بۆیە ھەموار کردنەوەی ئەم یاسایە ناڕەزامەندیی کوردانی دانیشتووی ژاپۆنی لێ کەوتووەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی «ئێن، ئێچ،کەی»، کوردانی خوازیاری مافی پەنابەریی سیاسی و لایەنگرانیان ڕۆژی یەکشەممە لە شاری «کاواگوچی» لە پارێزگای «سایتاما» گردبوونەوەیەکی ناڕەزامەندانەیان ئەنجام دا.

جێگای ئاماژەیە کە زۆربەی کوردانی دانیشتووی ژاپۆن لەم شارە و ناوچەکانی دەوروبەری دا دەژین.

بە وتەی خۆپیشاندەران، ئەگەر ئەم پڕۆژە یاسایانە پەسەند بکرێن، کوردانی دانیشتووی ژاپۆن ڕووبەڕووی دیپۆرتکردنەوە لەم وڵاتە دەبنەوە.

بە گوتەی بەرپرسانی ژاپۆن، بەشێک لە پەناخوازان کە زیاتر لە ماوەی ڕێگەپێدراو لە ژاپۆن ماونەتەوە، بۆ دەربازبون لە دیپۆرت کرانەوە ،بەردەوام  داوای مافی پەنابەری دەکەن .

سەرپەیڤ