ئاب 06, 2023 15:27 Asia/Tehran
  • گۆتێرێش جیهان ئاگاداردەکاتەوە: جارێکی دیکە تەپڵی شەڕی ئەتۆمی لێدەدات

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەمڕۆ یەکشەممە جارێکی دیکە لەبارەی شەڕی ئەتۆمی هۆشدارییدا، لە کاتێکدا کە دانوستانەکانی سەرکردایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان سەبارەت بە داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە جنێڤ، نیویۆرک و ڤییەننا بەردەوامە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش لە پەیامێکدا کە بە بۆنەی 78 ساڵەی بۆردومانی ئەتۆمی شاری هێرۆشیما پێشکەشی کرد، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوە کە لە کارەساتی ئەتۆمی 6ی (ئابی 1945)دا فێربن کە ژاپۆنی گرتەوە.

بەپێی ماڵپەڕی فەرمی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئیزومی ناکامیتسۆ، نوێنەری باڵای کاروباری داماڵینی چەک، پەیامی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانی لە یادی ئاشتی هیرۆشیما خوێندوەتەوە.

لە نامەکەدا هاتوە، تەپڵی شەڕی ئەتۆمی جارێکی دیکە لێدەدات، بێمتمانەیی و دابەشبون لە زیادبوندایە، ئەو دۆخەی شەڕی ئەتۆمی کە لە کاتی جەنگی سارددا دەرکەوتبو، سەریهەڵداوەتەوە و هەندێک وڵات بێباکانە هەڕەشەی بەکارهێنانی ئەم ئامڕازانەی قڕکردن دەکەنەوە.

لە چاوەڕوانی نەهێشتنی تەواوەتی هەمو چەکی ئەتۆمی، گۆتێرێز بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کە بە یەک دەنگ لەسەر ئەم پرسە قسە بکەن وەک لە پلانە نوێیەکەی ئاشتیدا هاتوە.

پلانە نوێیەکە کە لە مانگی (تەمموز/7)ی ئەمساڵدا دەستیپێکردوە، داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات پابەندبن بە بەدواداچونی جیهانێکی دور لە چەکی ئەتۆمی و بەهێزکردنی نۆرمەکانی جیهان لە دژی بەکارهێنان و بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت، "ئەو دەوڵەتانەی کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین دەبێت پابەندبن و هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەکارنەهێنن"، جەختیشی لەسەر پابەندبونی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بەردەوامبون لە کارکردن بۆ بەهێزکردنی یاسا جیهانییەکان سەبارەت بە داماڵینی چەک و بڵاونەکردنەوەی چەک کردەوە، بەتایبەتی پەیماننامەی نەهێشتن و بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی و پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی.

نوێنەری باڵای کاروباری داماڵینی چەک هۆشداریدا لەوەی کە جیهان لەبەردەم هەڕەشەیەکی بونگەراییدایە لە ئەنجامی کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی دەیان ساڵە و پەرەسەندنی گرژییەکان و قوڵبونەوەی دابەشکارییەکانی نێوان زلهێزەکان.

 

 

 

سەرپەیڤ