تشرینی یه‌که‌م 28, 2023 19:00 Asia/Tehran

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی نائاسایی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە فەلەستین سەردانی نیۆیۆرکی کردووە، لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دیداری کرد و دوایین ڕووداوەکانی ناوچە و باروودۆخی غەززەیان پێکەوە خستە بەر باس.

"حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی هەینی لەگەڵ "ئانتۆنیۆ گۆتێرێش"ی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بینای ئەم ڕێکخراوەیەدا دیداری کرد و دوو لایەن سەبارەت بە دوایین ڕووداوەکانی ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا، شەڕ و پێکدادانی نێوان خۆڕاگریی فەلەستین و ڕژێمی ئیسراییل و هەروەها ڕەوشی کارەساتباری کەرتی غەززە وتووێژیان کرد. پێشتر، "ستێفان دووجاریک"ی وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو کە  سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هەموو لایەنەکان و وڵاتانی کارتێکەر وتووێژ دەکات لە پێناو کەم کردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.

"حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێنێ هەینیش لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆی نیشتمانیی ئەمریکا (ئن پی ئار) بە وەبەر ڕەخنەدانی پشتیوانیی ئەمریکا لە بەردەوام بوونی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە خەڵکی چەوساوەی فەلەستین وتی: شاروومەندانی ئیسراییلی متمانەیان بە نەتانیاهوو و سیستەمە ئەمنییەکەیان نییە؛ ئێستا تەنیا بەشە شەڕکەرەکەی ئیسراییل کار دەکات  کە ئەویش فەرماندەرێتی و بەڕێوەبەرایەتیەکەی لە دەستی ئەمریکادایە. ئەمیرعەبدوڵاهیان هەروەها پێیداگرت؛ بێتوو کوشت و بڕی ژنان و منداڵان و خەڵکی مەدەنی لە غەززە  و کەرتی ڕۆژاوا بەردوام بێ، ئەگەری ڕوودانی هەر شتێک لە ئارادا دەبێ، کەوایە دەبێ هەوڵە نێودەوڵەتی و سیاسییەکان بێنە مەیدانەوە بۆ کۆتایی هێنانی خێرای پەلامارەکانی سەر خەڵکی مەدەنیی فەلەستین و بەڕێ کرانی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بۆ غەززە. 

سەرپەیڤ