ڕەخنەی توندی کارگێڕی گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕژیمی زایۆنیستی: دۆخی غەززە دۆزەخە
"تێدرۆس ئادهانۆم"ی کارگێڕی گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وێڕای ڕەخنەی توند لە ڕژیمی زایۆنیستی و لەدژکردەوە بەرامبەر بە هەڵسوکەوتی کارەساتباری ئەو ڕژیمە لەگەڵ خەڵکی فەلەستینی نیشتەجێی غەزە، دۆخی ئەو کەرتەی بە ناڕەواو وەک دۆزەخ پێناسە کردو وتیشی ئەو هەموو کوژراوە بۆ ئاگربڕێکی دیکە تەواوە.
تێدرۆس ئادهانۆم وتی: بێتوو بەنیازی ڕێگەچارەسەرێک بۆ کۆتایی هێنانی شەڕەکەی غەزەوە بین ئەو کارە بەردەوام دەلوێ و هەرتەنیا پێویستی بە بڕێارێکی شێلگیرە.
چونکە بەپێی ئەزموونەکانم شەڕ نەک هەر نابێتە هۆی دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەرێک بۆ کۆتایی خۆی بەڵکوو هەرتەنیا بێزاری و کاولکاری زۆرتری لێدەکەوێتەوە نەک شتێکی دیکە.
ناوبراو وتی لەبەر ئەوەی کە سەدی حەفتای کوژراوی ئەو شەڕە ژن و منداڵن و هەر ئەوە بەسە تاکوو ئاگربڕ بکرێ و بەتایبەت ئەوەی کە مەترسی ئیپیدیمیش لە پەرەگرتن دایە.
کارگێڕی گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دۆخی غەزەی بە دۆزەخ شوبهاندو ڕایگەیاند کە ئەو خەڵکە لەبەر قاتووقڕی و برسیەتی تووشی مەرگ هاتوون، هەربۆیە دەکرێ زۆر سادە لەوە تێ بگەین کە دۆخەکەی غەزە تاچ ڕادەیەک وەک دۆزەخ وایە.