مانگرتنەکان لە بەلژیک؛ هێڵی ئاسمانی و ئاسنەڕێ پەکی کەوت
دوابەدوای مانگرتنی فەرمانبەرانی هێڵی ئاسمانی و ئاسنەڕێی بەلژیک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە پرۆژەیاسای گۆڕانکاری لە مووچەی خانەنشینی تۆڕی گواستنەوەی ئەم وڵاتە ئەورووپایە تەواو پەکی کەوتووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز نزیکەی نیوەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی بڕۆکسێلی پێتەختی بەلژیک لەبەرمانگرتنی فەرمانبەرانی بەشە جۆر بە جۆرەکانی هەڵوەشاوەتەوە.
هاوکات ئۆپەراتۆری کۆمپانیای ئاسنەڕێی نیشتمانی بەلژیکیش ڕایگەیاندووە لەبەر ئەوەی فەرمانبەرانی ئەم بەشەیش چوونەتە ڕیزی مانگرانەوە، تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەمی شەمەندەفەرەکان لە سەرانسەری ئەم وڵاتە لە هاتووچۆدان.
دوا بە دوای ئەم مانگرتنانە بەشێکی زۆری گواستنەوەی گشتی لە پێتەختی بەلژیکیش چالاکی خۆیان ڕاگرتووە و پێشبینی دەکرێ بە هاتنی ١٠ هەزار مامۆستای خوێندنگەکانیش بۆ نێو ڕێزی مانگران لە بەلژیک، زۆرێک لە خوێندنگەکانی ئەم وڵاتەش دابخرێن. لەبەر ناکۆکی و یەکبیروڕانەبوونی پێنج پارتی نێو دەسەڵاتی بەلژیک دانوستان لەسەر کاروباری حکوومی و هەروەها بەدیهێنانی گۆڕانکاری لە یاسای خانەنشینی لەم وڵاتە لە ساڵی ڕابردووە تا ئێستا هیچ دەستکەوتێکی نەبووە.